بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی رابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری MQ-9 بۆردوومانێک لە رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دراوە، بەڵام لەلایەن فڕۆکە ڕووسیەکانەوە هەراسان کراوە و ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر بەرامبەر بەیەکتر وەستاونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هیچ ئاماژەیەک نییە کە لەم هەڵمەتەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژرابێت، هاوپەیمانان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکانی قوربانیانی مەدەنین.
لەوبارەیەوە، ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندووە: "ئێمە بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە پابەندین بە تێکشکاندنی داعش لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، داعش نەک هەر بۆ سەر ناوچەکە بەڵکوو بۆ وڵاتانی دیکەش وەک هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە".
باسی لەوەش کردووە، ئەو هەڵمەتە دەبێتە هۆی پەکخستن و تێکدانی توانای داعش بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی، سەرەڕای ئەوەش ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندی دژ بە داعش لەگەڵ هێزەکانی هاوبەش لە عێراق و سووریا، بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە هەمیشەیی شکستی چەکدارانی داعش.
Your Comment