بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی راگەیاندووە: ڕێککەوتنی ھەرێمی کوردستان و بەغدا پێویستی بە دروست کردنی لیژنەیەک هەیە و بڕیارە لیژنەکە لە چەند وەزارەتێکی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێک بێت، بۆ بە ئامانج گرتنی چەند پرسێک، لەوان: داھاتەکانی ناوخۆ، دەروازە سنووریەکان، پرسی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ھەماھەنگی نێوان دیوانی چاودێری دارایی ھەردوولا، چونکە بەپێی یاسا ٥٠%ی داھاتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، پێشتر ڕێککەوتن لەسەر ئەو بابەتەکراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: شاندی ھەرێمی کوردستان لەو سەردانەی بۆ بەغدا مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان نیە، بەڵکو مەبەست جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراقە، پێشتر دانوستان تەواو بووە و بڕاوەتەوە، ھەردوو حکوومەت پابەندی ڕێککەوتن دەبن بۆیە لە کۆتایی ئەم مانگە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت و لەمەودوا مانگانە وەزارەتی دارایی بەغدا لەکاتی خۆیدا پارە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، دیسان دەیڵێمەوە سەردانی شاندی ھەرێم پەیوەندی بە پارەی مووچەوە نییە، چوونکە پارەی مووچە و پەرەپێدان کۆتایی هەموو مانگێک بەبێ کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
Your Comment