بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمبارەوە جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: "دەروازەکە لە ئەمڕۆوە کرایەوە و بڕیار وایە 24 کاژێر کراوە بێت و هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی تێدا بکرێت، بەڵام جارێ چاوەڕوانی دەرکردنی رێنماییەکانین."
پێشتر دەروازەی شووشمێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاتووچۆی بازرگانی کراوەبوو. بە گوتەی جێگری پارێزگای هەڵەبجەش، ئێستا هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە هەیە و لە دیوی ئێرانیش لەگەڵ بەرپرسان رێککەوتن کراوە و هیچ گرفتێک لە کردنەوەی دەروازەکەدا نییە.
شاهین رەزا گوتی: "ئەو دەروازەیە لە رووی ئابووری و هەموو روویەکەوە کاریگەری لەسەر پارێزگای هەڵەبجە دەبێت بە تایبەتی بۆ تەوێلە و بیارە، چوونکە لەم دەروازەیە جگە لە هاتووچۆی گەشتیاری، بازرگانیش دەکرێت."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، کردنەوەی دەروازەی شووشمێ بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە پەسەند نەکراوە و ئەوان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ئەوەی عێراقیش بە فەرمی بیناسێنێت. گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە زیاتر پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان و ئێران".
چەند دەروازەیەکی سنووریی لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن، هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شووشمێ هەن و تاوەکوو ئێستا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
Your Comment