لەگەڵ ئەوانە لیست پێک ناهێنین کە کەرکووکیان فرۆشت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی لقی سێ پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لە وەڵامی داواکارییەکەی سەرانی یەکێتی-دا بۆ پێکهێنانی لیستی هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان، ڕایگەیاند: ئامادە نین لەگەڵ ئەوانەی دەستیان لە فرۆشتنی کەرکووکدا هەبووە، ببین بە یەک لیست.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک لەبارەی ئەو بانگەشانەی سەرانی یەکێتی و هەندێک حزبی دیکە دەیکەن بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، راگەیاند: لە ۱۶ی ئۆکتۆبەر ۵۱%ی خاکی کوردستانیان فرۆشت، هەموو سەرانی حەشد بە ئاشکرا دەڵێن ئەگەر برادەرانی یەکێتی نەبوایە نەماندەتوانی کەرکووک بگرین، هەرچەندە ئەوکات زۆرینەی دەسەڵاتەکان لە دەستی یەکێتی خۆیدا بوو، کەچی سەودا و مامەڵەی بە کەرکووکەوە کرد. هەموومان دەزانین دۆخی ئەو ناوچانە چۆنە و بە چ ئاقارێ چووە؟ ئێستا لە ژێر چەپۆکی حەشدی شەعبی و راکان جبوورییە، زەویوزاری جووتیاران داگیر دەکرێ، پەیتا پەیتا عەرەبی هاوردە دەگەڕێتەوە ناوچەکانی دوبز، سەرگەڕان، تۆپزاوە، داقووق، حەفتەغار و ناوچەی کاکەییەکان.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: خەباتی یەکێتی و پەرلەمانتارانی بە خەنجەر لێدان لە پشتی کورد بەردەوامە، لە یاسای بودجەدا کۆمەڵێک مەرجیان ئامادە کردبوو وەک بۆمب تاوەکوو بە هەرێمی کوردستاندا بتەقنەوە، تەنانەت ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیش بوون لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ ئەو مەرجانە نەبوون کە لە دژی کوردستان دابندرێت، ئەمە خەباتی پەرلەمانییە کە یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکات؟

محەمەد کەمال باسی لە دۆخی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن کرد و گوتی: لە هەڵبژاردنی ۲۰۲۱ حاڵی یەکێتییمان بینی، حاڵی سەرکەوتووی پارتییش کە بارەگای لە کەرکووک نەبوو بە ڕوونی دیار بوو، ناچمە وردەکارییەکەیەوە، ئێمە هەمیشە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ یەکدەنگی و یەکلیستی کورد بووین، بەڵام ناکرێت ئەو لایەنەی خیانەتی ۱۶ی ئۆکتۆبەری کرد، بکەین بە هاوبەش و بە یەک لیست لەگەڵی بەشداری هەڵبژاردن بین، هەرچەندە بڕیاری کۆتایی لای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتییە.

هۆشدارییشی بە یەکێتی دا و رایگەیاند: ئێستا وەک جاران نییە یەکێتی بیەوێ خەڵک بە دروشمی بریقەدار فریو بدات، ئێستا میللەت بە چاوی خۆی هەموو شتێک دەبینێت، ئەوەی لێ دیارە کە چ لایەنێک خەمخۆری کوردستانە و شەڕی مافەکانی دەکات، چ لایەنێکیش خەنجەر لە پشتی دەدات.

News Code 221746

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha