بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له چاوپێكهوتنێكیدا لەگەڵ كهناڵی ئاسمانی رووداو، هۆشیار زێباری، باسی پێگەی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دادگای فیدراڵی، هەڵبژاردن و زۆر بابەتی دیکەش دەکات لەگەڵ ئەو "لوغمانەی" لەنێو بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دانراون، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بودجە پڕە لە مین بۆ هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، هۆشیار زێباری ئاشکرای دەکات "داواکارییەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەیە بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی کە لەم نزیکانەدا کۆ ببینەوە".
له بارهی پێگهی ههرێم و ههوڵهكان بۆ لاوازكردنی وتی: "ئەم هەوڵە هەیە و چڕتر بووە، لە راستیدا زۆر هۆکاریش هەن، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەداخەوە ئەمانەی لەسەر دەسەڵاتی عێراقن ئێستا، بە ناوی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان بە ناوی چوارچێوەی ههماهەنگیی شیعی، ئەو پابەندبوونانەی بە نووسراو رێکککەوتنی لەسەر کرابوو، وەک بڕیارێکی سیاسی بۆ دامەزراندنی ئەم حکوومەتەی سوودانی، پابەندی نەبوون. دووەم، رێککەوتنێکی دیکە لەسەر ئاستی هەردوو حکوومەت کرابوو کە بەویشەوە پابەند نەبوون، ئەو وادەیەی بە سەرکردایەتیی ئێمە درا پێیەوە پابەند نەبوون، لەبەرئەوە کاتێک بودجە چووە پەرلەمان و دەنگی لەسەر درا، روونبووەوە کە بەداخەوە خاوەنی پابەندیی خۆیان نین، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێز بوو بۆ ئێمە، کە دەبێت خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی خۆمان بکەین".
دهشڵێت: "مەسەلەی بودجە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە و قسەم زۆر لەسەر بودجە هەیە، بەڵام ئەو بەشەی دەستنیشانی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، پڕە لە ئەلغام (مین)، یانی وا بە سادەیی چاوی لێ ناکەین و نایخوێنینەوە، چوونکە بە خوێندنەوە و بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کردوویانە".
باسی لەوەش کرد: "ئەم هەوڵانەی هەر لە سەرەتاوە بەردەوامبوون، دەگەڕێنەوە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمە بە خەبات و خوێنی زۆر دروستبووە، ئاکامیشی ئەوە بووە مافەکانی ئێمە لەم دەستوورەدا دەستنیشانکران، رەوایی تایبەتی فیدراڵی چییە؟ هی هاوبەش چییە؟ هی هەرێمی کوردستانیش چییە؟ هەموو ئامانجەکان ئەوەیە ئەم دەستوورە بگۆڕن، چونکە بۆچوونیان ئەوەیە؛ نابێ عێراق بە دەسەڵاتێکی فیدراڵی بەڕێوەبچێت، دەبێت بە دەسەڵاتێکی ناوەندی بێت، یانی ئەو خەبات و ئەو کارەی کاتی خۆی کردمان، بۆ ئەوە کردمان عێراق جارێکی دیکە نابێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەت، تاکڕەوی، یەک کەسی، یەک حزب و یەک نەتەوە، بەڵام بەڕاستی ئەم بۆچوونە بەرەو ئەوە دەچێت لە بەغدا".
هۆشیار زێباری ئەوەشی خستەڕوو: "هۆکارێکی دیکە ئەوەیە؛ ئەم گوشارە هەر لێرە ناوەستێت، لە بودجە، نەوت، بابەتی دەرمان و شایستە داراییەکانی جووتیاران کە سەرەتاییترین شتن، جیاوازی دەکەن، یان مەسەلەی دەرمان ئەگەر پرسیار لە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بکەن، دەبینن جیاوازی هەیە، هەموو ئامانجیان ئەوەیە؛ ئەم قەوارەیە پووچەڵ یان کەم بکەنەوە، چوونکە بە بۆچوونی هەندێکیان نەک هەموویان، بۆچوونێکی وا هەیە دەسەڵات ئێستا کەوتووەتە دەست ئێمە، سوننە لاواز و بڵاو بووە، تەنیا لایەنێک کە جۆرێک دژایەتی دەکات، بەرامبەرمان دەوەستێتەوە، ئەوە هەرێمی کوردستانە".
هۆکارێکی دیکە، بەبۆچوونی هۆشیار زێباری ناکۆکیی کوردە؛ لەو بارەوە دەڵێت: "بێگومان کەڵکیان لەم بۆشاییە وەرگرتووە و لایەنێکی ناوخۆ بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی دووبارە هەرێمی کوردستانی پێ لاواز بکەن، بەداخەوە کاتێک تەماشا دەکەین، دەبینین بۆ ئەوەیە ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان پەرت و بڵاو بێت، یەکگرتوو نەبێت و هەوڵی ئەوەش دراوە و دانی پێدا دەنێن. بەداخەوە ئەمە جێگەی داخە، وەک کوردێک دەڵێم".
هۆشیار زێباری دەشڵێت: "پێشبینی شتی دیکەش دەکەم کە سبەینێ دەروازە سنوورییەکان کە ئەویش تابعەی ئێمە دەبێت، دەروازە سنوورییەکان نە رێگەی هاتوچۆ لە سنوورەکان، تا فڕۆکەخانەکانیش بە دەروازەی سنووری دەزانن.
رەنگە سبەی بڵێن دەبێ سوپا هەموو سنوورەکان بگرێت، چونکە مەسەلەیەکی سیادییە و زۆر شتی دیکە، یەک بەدوای یەکدا، بێگومان دادگا بەکاردەهێنن دژی هەرێمی کوردستان، بینیمان چەندین خاڵی نادادپەروەرانە و نادەستوورییان لە دژی هەرێمی کوردستان دەرخست، ئامێرێکە بەدەستیانەوە، چۆنیان بوێت کاری پێ دەکەن، لەوەش کێشەمان هەیە، جا دۆخی ئێمە راستە رەنگە تووشی گوشارێکی زیاتر ببین، بەڵام چارەسەریش هەیە وەک باسم کرد، هەوڵ بدەین نێوماڵی کورد رێکبخرێتەوە، نزیکتر ببینەوە و دووبارە بەرەو هەڵبژاردن بڕۆین، لە راستیدا تەنیا ئەم دوو چارەسەرەم لەبەرچاوە کە دۆخی هەرێمی کوردستان باشتر دەبێت و خەڵکیش متمانەی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دەکەن".
لە بارهی كۆبوونهوهیان لهگهڵ یهكێتی، هۆشیار زێباری وتی: "داواکارییەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەیە بۆ مەکەتەبی سیاسیی پارتی، کە لەم نزیکانەدا کۆببینەوە، لەو ماوەیەدا ئینشائەڵڵا لەگەڵیاندا دادەنیشین، سەرجەم کێشەکان باس دەکەین، دەیخەینە سەر مێز، خەڵکی ئێمەش وریایە و هۆشیارە، بەدواداچوون دەکات، دەزانێت کێشەکە چییە، چارەسەرکردنەکانیش ئەمانەن، ئەگەر دێن وەرن پێکەوە با لە چارەسەر بگەڕێین، ئەگەر نا ئەم کێشانە هەر بەردەوامن".
Your Comment