بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی عێراق و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە.
مەسروور بارزانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پلاسخارت، جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا بخرێت و بکرێتە قوربانیی خواست و ئارەزووی هیچ هێز و لایەنێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە لەگەڵ پلاسخارت "هاوڕا بووین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە.
Your Comment