ئامانج لە بۆردوومان‌کردنی نەخۆشخانەی تەل‌ڕەفعەت ڕێگری کردنە لە دادگایی‌ ئەندامانی داعش

بەشی سووریا- تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک دووپاتی کردەوە بۆردوومان‌کردنی نەخۆشخانەی تەل‌ڕەفعەت لەلایەن تورکیاوە تاوان و کۆمەڵکوژییەکی نوێیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (TEV-DEM) ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی کردەوە بۆردوومان‌کردنی نەخۆشخانەی تەل‌ڕەفعەت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بڵاو کردەوە و دەڵێت: "لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەسپێشخەرییەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ چارەکردنی پرسی سووریا و ڕاگەیاندنی دادگای‌کردنی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکانی داعش لە زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکان و دەستدرێژییە ئاسمانییەکانی لەڕێگەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانەوە بۆ سەر هەموو جوگرافیای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر کرد، چەندین ئۆتۆمبیل و ناوەندی لە ناوچە سنوورییەکان بە قووڵایی دڵخوازی خۆی کردە ئامانج".

هەروەها ڕایدەگەیەنێت: وا دیارە ڕووسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، نایانەوێت دەستوەردان بکەن لەم تاوانکارییە و هەڵوێستی ئەخلاقی دەربڕن دژی هەڕەشە و دەستوەردانە دڕندانەکانی داگیرکەری تورکیا دژی سەروەری و ئیرادەی هەرێمەکە، وا دیارە هەردوولایان تەبان لەسەر هەراسان نەکردنی تورکیا لە کوشتنی کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە، بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گەلان.

 

هەروەها دەشڵێت: ئەوەی ئەم ماوەیە لە شەهبا ڕوودەدات، ئەو ناسەقامگیرییەی بەرئەنجامی شەڕی دەوڵەتی تورک و چەتەکانێتی بۆ سەر هەرێمەکە و بۆردومانی هەڕەمەکی، لەگەڵ هاتوچۆی فڕۆکە جەنگییەکان و بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکە کە لەلایەن هێزەکانی سوریاوە کۆنتڕۆڵکراوە و لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق لە هەرێمەکە جێگیربوون، بەڵام هەردوولایان بێ هەڵوێستن بەرامبەر ئەم هێرشانەی تورکیای فاشیست.

 

تەڤدەم ڕوونی دەکاتەوە: ڕێککەوتنی دەوڵەتانی کۆمەڵگەی ئەستانە بۆتە گەمەیەکی شکستخواردوو و نایەکانگیر، هەرێمی شەهبایان کردۆتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکی نێوانیان، بۆیە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە چەندین قوربانی کەوتەوە، ئامانجەکەش شکاندنی ئیرادەی گەلەکەمان و کۆچبەرانی عەفرینی داگیرکراوە.

 

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەى تەڤدەمدا هاتووە، بۆردوومانی دڕندانەی داگیرکەری تورکیای فاشیست بۆ سەر نەخۆشخانەی تەل‌ڕەفعەت تاوان و کۆمەڵکوژییەکی نوێیە بۆ لەناوبردنی هەزاران نەخۆش و بڕینی یارمەتی و ناچارکردنیان بە کۆچ کردن، چوونکە تاکە نەخۆشخانەیە شەو و ڕۆژ بەباشی کاردەکات بۆ خزمەت‌کردنی نەخۆشەکان و حاڵەتە لەناکاوەکان، سەرەڕای کەمیی توانا و کەرەستەکان، بەهۆی گەمارۆکانی حکوومەتی دیمەشق و بۆردوومانی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە.

 

هەروەها تەڤدەم ڕوونی دەکاتەوە، بەئامانج گرتنی نەخۆشخانەکە بۆتە مایەی پەکخستنی جووڵەی کادرە پزیشکییەکان و وەستانی کاری نەخۆشخانەکە بەهۆی ئەو زیانانەی بەر نەخۆشخانەکە کەوت، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ژیانی هەزاران بنەماڵەی کورد و عەرەبی هەرێمەکە، ئەوانەی بێبەشن لە سادەترین مافەکان و لە ڕەوشێکی زۆر سەخت دەژین بەهۆی سیاسەتی قڕکردنی سیستەماتیک و گەمارۆی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بوونەتە قوربانی پیلانگێڕی و سیاسەتە قێزەونەکان کە هەوڵ دەدەن درێژە بە قەیرانی سووریا بدەن و ڕێگە نەدەن بە هیچ پەرەسەندنێکی ئەرێنی و کاریگەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ چارەسەری دیموکراتیک.

 

هاوکات ئەوەشی ڕاگەیاندووە، بەرخۆدانی گەلەکەمان لە هەرێمی شەهبا و عەفرینی داگیرکراو ڕۆژانە زیاتر دەبێت، هەروەها ئیرادە و پێداگری بۆ بەرخۆدان و هەڵوێستی وڵاتپارێزی گرێدراو بە بەها و پرەنسیپ زیاتر دەبێت، بۆیە داگیرکەر هێرشی زیاتر دەکاتە سەر هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەپێناو تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەرنەکەوتنی دادگایکردنی داعشەکان.

 

لەبەشیکى دیکەى ڕاگەیەنراوەکەدا تەڤدەم ئەوەشى وتووە، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان و خاچی سوور بەرپرسن لەم ڕەوشە، چوونکە هیچ ڕۆڵێکیان نییە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەڵناگرن بەرامبەر شەڕ و وێرانکارییەکانی شەهبا و هەوڵە نوێیەکانی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانمان، غیابی ئەوان ڕێخۆشکەرە تا هەرێمەکەمان بەرەو کارەسات و مەرگێکی ڕاستەقینە و ڕۆژانە ببرێت بە چەکی ڕژێمە فاشیستەکان و زیهنیەتی شۆڤێنی.

 

لە کۆتایشدا داواش لە گەلی کورد و هەموو گەلانی هەرێمەکە دەکەین پشتیوانی بەرخۆدانی کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا  و هەموو دانیشتووان بکەن، پاڵپشتی تێکۆشان و خەباتەکەیان بکەن دژی سیاسەتی قڕکردن و داگیرکەری تورکیا کە تۆڵە لە ئیرادەی گەلان دەکاتەوە، بۆیە پێویستە لە هەموو جێگەیەک تێکۆشان و بەرخۆدان زیاتر بکەین، پشتیوانی و هاریکاری گەورەترین بیرۆکە و کەلتووری سەرکەوتووە لای ئیرادەی گەلانی ئازاد.

 

News Code 221685

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha