لایەنی بیانی بۆ دادگایی کردنی چەکدارانی داعش پشتگیریی کوردەکانی سووریای نەکردووە

بەشی سووریا- بەرپرسێکی بەڕێوبەری خۆسەری کوردستانی سووریا رایگەیاند کە ئەوان پشتیوانی دەرەکییان بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش وەرنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوو ڕۆژ پێش ئێستا بەڕێوبەری خۆسەری بڕیاری دا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پەیوەست بە تیرۆر، دادگایی ئەو ئەندامە بیانیانەی داعش بکات کە لای ئەوان دەستبەسەر کراون.

بە گوتەی بەڕێوبەری خۆسەری ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی بانگەواز و بانگەشەی  ئەوانی نەدایەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی خۆیان لە خۆسەری وەربگرنەوە.

بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە ڕەتی کردەوە هیچ پاڵپشتییەکی دەرەکی لە دامەزراندنی ئەو دادگایانە هەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوبەری خۆسەری سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە تەنها ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات.

چیاکورد جەختی لەوە کردەوە، ئەو دادگایانەی ئەو چەکدارانە دادگایی دەکەن، دادگاکانی پاراستنی گەلن، کە پێشتر تەنها ئەندامانی داعشی سووریایان تیادا دادگایی کراوە.

هاوکات ئەو ئەندامە بیانییانەی داعش کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستبەسەرن، لە نزیکەی ۶۰ وڵاتەوە هاتوون، کێشەیەکە کە خۆسەری بە نێودەوڵەتی نێوزەدی دەکات.

چیاکورد روونیشی کردەوە، دادگاکان بەپێی یاسای تیرۆری بەڕێوبەری خۆسەری کاردەکەن، بەگوتەی ئەو، لەماوەی ساڵی رابردووشدا گۆڕانکاری لەناکاو لەو یاسانەدا ڕوویان داوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوبەری خۆسەر سوورە لەسەر دادگایی کردنی تیرۆریستان و بەدیهێنانی دادپەروەری، جەختیشی لەوە کردەوە کە جارێکی دیکە بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە پاڵپشتیکردنیان بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لەو دادگایانە بکەن.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی ئەم دادگایانە کە ئامانجیان لێپێچینەوەیە لە ئەندامە بیانییەکانی داعش، ئەوەیە کە ساڵانێکە بەبێ دادگاییکردن لە دەستبەسەرخانەکانی خۆسەریدا ماونەتەوە.

نا.وبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەیەکە هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆر دەکەن، هەربۆیە وا گریمانە دەکرێت کە پێکەوە کاربکەن لە دادگاییکردنی ئەو ئەندامانەی داعشدا.

جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوکاری لەم دۆسیەیەدا بە مانای بەردەوامی دێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی داواکارییە یەک لەسەر یەکەکانی خۆسەرییان نەداوەتەوە بۆ دامەزراندنی دادگا لە ناوچەکانیدا کە قوربانیانی تیرۆر تێیدا نیشتەجێن و گوتی: “ئەمە بابەتێکی قبووڵنەکراوە و بۆ ئەمەش دەست دەکەین بە دادگاییکردنیان.

چیاکورد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە ناردنی چاودێران و نوێنەرانیان بۆ ئەنجامدانی دادگایی کردنێکی روون لەبەردەم رای گشتیدا بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن.

News Code 221642

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha