پڕۆژەیەک ئامادە کراوە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستن لە وڵاتانی ئاسیا بکەینەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ۳۰ وڵاتان و ۱۰ ڕێکخراوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی لە گفتوگۆ لەگەڵ باسنیوزدا، چەند پرسێک لەبارەی فەرمانگەکان و کاری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە کابینەی نۆیەمدا دەخاتە ڕوو و ئاشکرای دەکات: "هیچ هەرێمێک لە دنیادا، هێندەی هەرێمی کوردستان نێردەی دیپلۆماسی و کونسوڵخانەی تیدا نییە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئاستی نوێنەرایەتییەکان گەیشتووەتە ئاستی کونسوڵخانەی گشتی، ئەمەش مانای ئەوەیە کاری ئەو کونسوڵخانەیە دەگاتە ئاستی کاری سیاسی و ئابووری و کولتووری.''

جەختیش دەکاوە، کە پڕۆژەیەک ئامادە کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا چەند نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و چەند وڵاتێکی ئاسیادا بکەنەوە.

لەبارەی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: "ئێستا نزیکەی ۳۰ وڵات کونسوڵخانە یان کونسوڵخانەی گشتی یان کونسوڵخانەی فەخرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە لەناویاندا هەر پێنج دەوڵەتەکەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی هەن، ۱۰ ڕێکخراوی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، بەراوردی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی، ئەوا هیچ هەرێمێک هێندەی هەرێمی کوردستان نێردەی دیپلۆماسی و کونسوڵخانەی تیدا نییە، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکیش کونسوڵخانە لە هەرێمێک بکاتەوە، تەنیا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتکردنی ئەو هاووڵاتییانەی خۆیەتی کە لەو هەرێمە وەک ڕەوەند هەن، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئاستی نوێنەرایەتییەکان گەیشتووەتە ئاستی کونسوڵخانەی گشتی، ئەمەش مانای ئەوەیە، کاری ئەو کونسوڵخانەیە دەگاتە ئاستی کاری سیاسی و ئابووری و کولتووری، ئەمانەش هەمووی ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

News Code 221554

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha