بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵڵا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشهممه، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆ دەبێتەوە و باسی ئەو گۆڕانکارییانەش دەکرێ کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان، لەمادەکانی ۱۳ و ۱۴ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا کرابوو.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، له کۆتایی مانگی ئهیلولی ۲۰۲۲ لهدوای ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق لهنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەردوو ھاوپەیمانی عەزم و سیادەی سوننەکان و بزووتنەوەی بابلیونی مەسیحی پێکهێنرا و ڕێککهوتنی سیاسی ئهو لایهنانه بووه کارنامهی حکوومهتهکهی محهمهد شیاع سوودانی، سهرۆک وهزیرانی عێراق.
شاخەوان عەبدوڵا وتیشی: ''گۆڕانکارییەکانی مادەی ۱۳ و ۱۴ی پڕۆژەیاسای بودجهی عێراق قبوڵکراو نییەو چاوەڕێی رێککەوتنێکی سیاسی دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە کۆتایی پێ بێت.''
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ''چاوەڕێی ئەوەین کە هێز و لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێگەچارەیەک بۆ ئەوەی ئەو دو مادەیە بەشێوەیەک تێپەڕێت کە مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێیدا پارێزراو بێت و لەچوارچێوەی رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردو حکومەتی فیدراڵیو هەرێمی کوردستادا دەنگی لەسەر بدرێت.''
شاخەوان عەبدوڵڵا پێیوایە، ئەو گۆڕانکارییەی لە لایەن هەندێک لەئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەماددەی ۱۳ و ۱۴ی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا کرا، ''سیاسەتێکی دوژمنکارانەو عەقڵییەتێکی خۆپەرستانەو دور لەیاسا بووە.''
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەرەتاوە داوای ئەوەیان کردووە دەبێت دەستور سەروەر بێت، ''بەڵام لەو گۆڕانکارییەدا نەک دەستور سەروەر نەبوو، بەڵکوو جۆرێک لێدانە لەمافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان کە بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.''
شاخەوان عەبدوڵا جەخت لەوە دەکاتەوە، ''ئەو گۆڕانکارییانە بەسەر ئەندامانی لیژنەی داراییدا فەڕز کراوە و کەشێکی وایان دروستکرد کە بەو شێوەیە مادەکان تێبپەڕێنن، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین کە لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیدا، بەشێوەیەک ئەم دوو مادەیە هەموار بکرێتەوەو دەنگی لەسەر بدرێت کە بەرەزامەندی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بێت.''
پێنجشەممەی رابردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بەهەناردەی نەوتی کوردستانی لە ڕەشنووسی بوودجەی عێراقدا کرد و گۆڕی، گۆڕانکارییەکان ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و لەکاتێکدا کرا کە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەپشکی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
بەپێی گۆڕانکارییەکە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکوو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
هەر لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا هاتووە، ئەگەر پارێزگایەک لەدابەش کردنی بوودجە ناڕازی بوو، بەشە بوودجەی ئەم پارێزگایە لە پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە و حکوومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەشە بوودجەی پارێزگاکە دەنێرێت، ئەوە جگە لەهاوبەشی کردنی حکوومەتی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
Your Comment