چەندین تێبینیمان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وێڕای لێکدانەوەی تەوەری سەرەکیی هەر دوو بڕگەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق، ڕایگەیاند: ئێمەیش وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێبینیمان لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجە هەیە و بەدواداچوونیش بۆ تێبینییەکانمان دەکەین.

کوردپرێس

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس، وێڕای لێکدانەوەی تەوەری سەرەکیی هەر دوو بڕگەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق، وەڵامی هەڵویست و ڕای لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژیاسای بوودجەدا کراوە، دایەوە.

کوردپرێس: دوای پەسەند کردنی گۆڕانکارییەکانی ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق و دەنگی ئەرێنیی یەکێتیی نیشتمانی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە، شەپۆلێکی هەڵوێست و کاردانەوەی توندی بەرپرسان و کەسایەتییە باڵاکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان دژایەتیی ئەو هەڵویستەی کرد چونکە پێیان وایە ئەو گۆڕانکاریانەی کە جێبەجێ دەکرێن بە زیانی کوردانی عێراقە، بەڵام یەکێتی ئەو گۆڕانکاریانە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان دەزانێت. وەڵامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئەم ڕەخنانە چییە و  چ خاڵێکی گۆڕینی ئەم دوو بڕگەیە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی دەکات؟

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: با ئەم پرسیارەتان بکەین بە دوو بەش. بەشێکیان ئەمەیە کە تیمی حکوومەت لە ڕابردوو و ئەو کاتە کە یەکێتی بایکۆتی کردبوو و دەهاتە بەغدا ڕێێکەوتنێک کراوە کە ئەم ڕێککەوتنە دوای دەرئەنجامی دوو بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق و دادگای فەڕەنسا بە ڕادەست کردنی نەوت لەگەڵ بەغدا کە ڕێگری دەکەرد لە فرۆشتین نەوتی هەرێمی کوردستان. بێگومان ئەگەر سەیری کۆی پڕۆسەکە بکەین مەسەلەی نەوت کۆتایی پێهاتووە بەپێی بڕیارەکان و بەپێی ڕێککەوتنەکەش کە حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردوویەتی. ئەمە بابەتێکە کە بڕاوەتەوە. بابەتی دوو ئەمەیە کە ئێمە تێبینیمان هەبووە لەسەر هەندێک خاڵ بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێشنیارێکمان هەبووە وەکوو یەکێتی، یەکێتی سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە پێشنیاری کردووە کە ئەم پاشەکەوتە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بگەڕێتەوە. هەروەها مەسەلەی دادپەروەری لە شایستەداراییەکانی هەریەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە لە حاڵەتێکدا کە هەریەک لە پارێزگاکان ناڕەزایەتییەکی هەبوو سکاڵا و داواکارییەکەی ڕووبەڕووی حکوومەتی بەغدا بکاتەوە.

هەروەها بەشێکی لەو گۆڕانکارییانەش لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا کراوە ئێمە بەدڵمان نییە. باسی ڕادەست کردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت کراوە کە تەسلیم بکرێت. لە ساڵی 2003وە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، نەوتی پاڵاوگەکانی ئاماژەپێکراو لەنێو ئەو 400 هەزار بەرمیلە نەوتەیە کە دەبێت هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکات. بۆیە ناکرێت حکوومەتی هەرێم پابەند بکرێت بە ڕادەست کردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت و مافی دەرهێنانی نەوت لە دوو پاڵاوگە کە کەوتوونەتە موسڵ و کەرکووک لێ بسەندرێتەوە و لەمەشدا دژایەتی هەیە. بەڵام لەلایەکی ترەوە هەوڵمان داوە پرسی مافی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە پرسی نەوت جیا بکەینەوە کە ئەگەر کێشەیەک لە پرسی دۆسیەی نەوتدا دروست بوو ئەوە کاریگەری لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبێت.

کوردپرێس: هەندێک لایەن لێدوانی توندیان داوە سەبارەت بە شێوازی مامەڵە کردنی یەکێتی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و ئەوەیان بە خەیانەت وەسف کردووە، وەڵامی یەکێتی بۆ ئەو بابەتە چییە؟

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: مێژووی یەکێتی ڕوونە و ئێمە ناچینە سەر ئەو بابەتە بچووکانە کە ئەو لایەنانە باسی دەکەن. شاخەکانی کوردستان شایەتحاڵی تێکۆشانی تێکۆشەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن لە سەردەمی شەڕی شاخەوە تا دەگاتە شار. لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان کیانێکی یاساییە و هەموارکردنەوەی یاسایەک مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست ناکات. ئەوەی هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ململانێی سیاسی و گرژی و نادادپەروەرییە. چاکسازییەکانی ئەم دواییە پرسێکی کاتییە کە ڕەنگە لە ماوەی ساڵێک، دوو ساڵ، یان دواجار لە ماوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ئێستادا جێبەجێ بکرێت. هەڕەشەی سەرەکی لەسەر هەرێمی کوردستان نادادپەروەری و ئاژاوەگێڕییە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان خۆی وەک هاوڵاتی پلە چوار و پێنج دەبینێت. ئەوانەی کە دادپەروەری و دابەش کردنی یەکسانی مووچە و دانەوەی قەرز و کۆتایی هێنان بە پاشەکەوتی مووچە وەک دروشمی خۆیان بەکار دەبەن، بۆچی دەستەواژەی خیانەت بەکار دەهێنن؟ نەک هەر ئەدای خۆمان بە خیانەت نازانین، بەڵکوو بە خزمەتێک دەزانین بۆ هەرێمی کوردستان. زۆر باسی خیانەت دەکرێت و ئێمەش باسی دەکەین، بەڵام ئێستا کاتی نییە و نامەوێت لەمەش زیاتر باسی خیانەت بکەم.

کوردپرێس: هەندێک لێدوانیش هەیە کە پەسەند کردنی پڕۆژەیاساکە بەو شێوەیەی ئێستا وا دەکات کە وەکوو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و قەبارەی هەرێم بچووک دەکاتەوە. وەڵامی ئێوە بۆ ئەم بابەتە چییە؟

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: ئەم بابەتەمان قبووڵ نییە. ئەگەر مەبەست لەم وتانە ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەزینیپێگەی ناوبراوە بۆ ئاستی وەزیری دارایی عێراق بێت، ئەوا ئەم بابەتە پەیوەندیی بە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداوە هەیە و ئێمەیش ڕەخنەمان لەسەری هەیە، بەڵام ئەم پرسە بابەتێکی زۆر گرنگ نییە چوونکە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەبێت تەعامولی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ببێت. بە گشتیی ئێمە تێبینیمان سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بوودجە هەیە، کە زۆربەی تێبینییەکان پەیوەندییان بە ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە هەیە. ئێمە پێشتریش پێشنیار و تێبینیی خۆمان لەو بارەیەوە ڕاگەیاندبوو و پێمان گوترا کە ئەو بڕگانەی ئێستا تەنها ڕەشنووسن، بەڵام دواجار بینیمان هەمان ئەو بڕگانە بە بێ‌گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا هێنراونەتەوە. لە کۆتاییدا دەبێت بڵێم کە ئێمە هەندێک تێبینیمان هەیە و پێشنیاری خۆمان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە دەخەینە بەردەم کۆمیسیۆنی دارایی و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین.

News Code 221540

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha