وتەکانی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی گۆڕانکاری لە پڕۆژە یاسای بوودجە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تادێت کاردانەوەی گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی زیاتر دەبێت و لەناوخۆی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لێکەوتووەتەوە، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی عێراق دەڵێت: پڕۆژە یاساکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەروەریی هەرێمی کوردستان و هۆشداری دەداتە کورد؛ لەوەی شته‌کان به‌شێوه‌یه‌ک لوغم رێژ کراون لێدانی تریش به‌دوادا دێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ نەبی، پسپۆڕی بواری ئابووری کە هاوکات لە پێشووتردا بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی عێراق بوو، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە: "ئه‌وه‌ به‌جۆرێک دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌روه‌ری هه‌رێمی کوردستان بده‌ن، هه‌ندێک براده‌ر له‌وه‌ زویرن ده‌ڵێن چۆن سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی هێناوه‌ته‌ ئاستی وه‌زیری دارایی، نه‌خێر سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمیان هێناوه‌ته‌ ئاستی خوارتر له‌ وه‌زیری دارایی عێراق".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ورده‌ ورده‌ لێدانمان به‌رده‌که‌وێت و سه‌روه‌ریی هه‌رێمی کوردستان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین، له‌لایه‌نی ته‌کنیکی له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک شت له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی کوردستان بێت به‌ڵام له‌ لایه‌نی سه‌روه‌ری هه‌رێم ئه‌و لێدانانه‌ی به‌رهه‌رێم که‌وتوون به‌داخه‌وه‌ زۆر گه‌وره‌ بوون".

شەوی ۲۵ی ئەم مانگە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی ۱۳ و ۱۴ی لە پرۆژەیاسای ڕەشنووسی بوودجەی عێراقی پەسند کرد دوای گۆڕانکاری لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

ساڵی ڕابردوو، لەسەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی لەلایەن هاوپەیمانی دەوڵەتەوە، هەریەکە لە پارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی سەرەکی چوونە ناو هاوپەیمانێتیەکە و بەشداری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقییان کرد، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ئەو کات ستایشی ڕێکەوتنەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، یەکێک لە بنەماکانی ڕێککەوتنەکەیان لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بوو.

بەڵام چەندین مانگ دوای ڕێکەوتنەکە، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی دەڵێت، بەرپرسانی کورد لە ڕێکەوتنەکە "نه‌ک ته‌نها سه‌رکه‌وتوو نەبوون، به‌ڵکوو ده‌رنه‌چوون له‌ تاقیکردنه‌وه‌که‌ به‌نمره‌ی سفر".

فازڵ نەبی باسی لەوەکردوە: "له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌و حکوومه‌ته‌ پێکهاتووه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان زه‌ربه‌ لێدان له‌دوای لێدانی به‌رکه‌وتووه، لێدانی زۆر گه‌وره‌ش که‌ مرۆڤ گێژده‌که‌ن و ناتوانرێت جارێکی تر هه‌ڵبستێته‌وه".

فازل نەبی گۆرانکاریەکانی تایبەت بە بودجەی بە "چاوه‌ڕوان کراو" لەقەڵەم دا و وتی: "خودی ئه‌و بوودجه‌یه‌ی براده‌رانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ری ڕێککه‌وتبوون به‌ڕاستی زۆر زوڵمی تێدابوو بۆ هه‌رێمی کوردستان، له‌سه‌روو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ دیسان هاتن هه‌ندێک زوڵمی تریان له‌ هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه‌".

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ۲۴ ئەندام پێکهاتووە و تەنها ۴ ئەندامی لیژنەکە کوردن، لەو ۴ ئەندامە، دوو ئەندامیان سەربە پارتی و ئەندامێکیان یەکێتی و ئەندامەکەی تریش سەربە یەکگرتووی ئیسلامییە.

گۆڕانکاریەکان تایبەت بە پشکی هەرێم لە لایەن ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکش کرابوون، لە کاتێکدا ئەندامانی پارتی دەنگییان پێ‌نەداوە و یەکگرتووی ئیسلامیش تەنها دەنگی بەبڕگەیەکیان داوە کە تایبەت بووە بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام یەکێتی دەنگی بە پرۆژە یاساکە داوە.

سەبارەت بەو کاربەدەستانەی بەغدا کە بەرپرسن لەم گۆڕانکاریانە، فازڵ نەبی دەڵێت "له‌سه‌ره‌وه‌ پێیان ده‌ڵێن پیاوی چاکن، به‌ڵام له‌ژێره‌و به‌فڵان ده‌ڵێن وابکه‌ن دژی هه‌رێمی کوردستان".

هەروەها وتیشی: "هه‌موو شته‌کان ڕوونن، به‌ڵام ساویلکه‌یی کورد وایکردوه‌ نه‌یارانی کورد ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن و ئه‌و لێدانانه‌ی بیانه‌وێت زۆر به‌ ئیسراحه‌ت له ‌کوردی بده‌ن".

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەخنەی ئەوەی لە بەرپرسانی کورد لە بەغدا گرت بەوەی گوایە لەکاتی داڕشتنی ڕێکەوتننامەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی وردبین نەبوون و بەشێوەیەک ڕێکەوتنەکان نەنووسراون کە ڕێگربێت لە خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕگەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، "ساویلکه‌یی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ ناده‌یه‌نه‌ شته‌کان چوونکه‌ ئه‌وان ده‌ستوور به‌گوێره‌ی دڵی خۆیان ته‌فسیر ده‌که‌ن، که‌م و کورتی له‌ دانوستانه‌کانمان و چۆنیه‌تی داڕشتنی ڕێککه‌وتنه‌کانمان بوو چوونکه‌ داڕشتنی ڕێککه‌وتن زۆر گرنگه‌ و خه‌ڵکی زیره‌ک و خاوه‌ن ئه‌زموونی پێویسته‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ یه‌ک وشه‌ زۆر شت بگۆڕدرێت".

بە بڕوای فازڵ نەبی، جێبەجێ کردنی پڕۆژە یاسای بوودجە بەم شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم بەتەواوەتی بکەوێتە دەست بەغدا و "ته‌نانه‌ت بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێت ده‌رهێنان و هاورده‌کردن و فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن سۆمۆوه‌ بێت".

سەبارەت بە کۆکردنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی تایبەت، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت دیسان ڕێکەوتنەکان بە زیانی هەرێمی کوردستانن چوونکە له‌ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نابن.

فازڵ نەبی نیگەرانی زیاتری دەربڕی و وتی: "ده‌ڵێن ده‌بێت حسابێک بکرێته‌وه‌ له‌ بانکی ناوه‌ندی به‌غداد بێت و هه‌موو داهاتی نه‌وت بچێته‌ ناو ئه‌و حسابه‌وه‌، لێره‌دا گرفتێکی تێدایه‌ واته‌ حسابه‌که‌ ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ نه‌وتی هه‌رێم، ئینجا دواتر ئه‌و حسابه‌ ده‌بێته‌ داهات بۆ حکوومه‌تی ناوه‌ندی و ئه‌و حسابه‌ش له‌ژێر کۆنتڕۆڵی وه‌زیری دارایی عێراق ده‌بێت، ئینجا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی هێناوه‌ته‌ مسته‌وای ئاستی وه‌زیری دارایی و که‌متریش".

هەروەها وتیشی: "ڕه‌شبینم له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی هه‌رێمی کوردستان لای من له‌سه‌روو هه‌موو شتێکه‌، به‌ڵام خاڵی باشیش هه‌یه‌ بۆ هاوڵاتیان، بۆنموونه‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش مه‌رجی تێدایه، ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌رێمی کوردستان ئه‌و مه‌رجانه‌ جێبه‌جێ نه‌کات دیسانه‌وه‌ کێشه‌ دروست ده‌بێت".

لەبەشێکی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، پارێزگای ناڕازی دەتوانێت ناڕازی بوونی خۆی دەرببڕێت، ئەوکات بەغدا بەشە بوودجەی ئەو پارێزگایە بەجیا لە هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەم بڕگەیە نیگەرانی لەسەر داهاتووی یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان دروست کردووە بەتایبەت کە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ناکۆک بوون لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ بەشە بوودجە و داهاتی سلێمانی.

فازڵ نەبی لەسەر ئەم گۆڕانکاریە ڕایگەیاند: "له‌وانه‌یه‌ سبه‌ینی کێشه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی دروست ببێت، ئه‌وکات سلێمانی بڵێت به‌ به‌غدا پشکی من بنێره‌ پێویست ناکات بۆ هه‌ولێری بنێریت، ده‌ڵێم بۆخاتری خوا کوردینه‌ ده‌بێت یه‌کگرتووبن چوونکه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بابه‌تی تری به‌دوادا دێت".

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە هەڵبژاردەکانی کورد لە ئێستادا سنووردارن و حکوومەتی هەرێم ناچارە هەوڵ بدات بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککه‌وتنه‌کانی لەگەڵ بەغدا، ئەو دەڵێت: "جاران مه‌جالێکی تێدابوو که‌ ڕێکه‌وتن جێبه‌جێ نه‌که‌ین، به‌ڵام ئێستا ئه‌و مه‌جاله‌مان نه‌ماوه‌، جاران خۆمان نه‌وتی خۆمان ده‌فرۆشت و داهاتی خۆمان ده‌هاته‌وه‌ ده‌ستی خۆمان".

News Code 221539

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha