بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "گەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کارا نەکرایەتەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی دەکرد. هەرێم ئەو کەمە سەروەرییەشی لەدەست دەدا کە ئێستا هەیەتی."
فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی کە لەدوو پەرلەمانتار پێکهاتوون، بەشێک بوون لەو ۵۸ پەرلەمانتارەی کە پارتی دەڵێت، دەنگیان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم داوە.
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی وتی: "وەکچۆن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم حزبیە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش حزبییە. باشترە کۆمیسیۆنی هەرێم سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات نەک ئەوەی عێراق. هەرچۆن بێت کەسوکاری یەکترین و یەکتری دەناسین، لەوانەیە ئەوانەی عێراق هەر نەناسین. ئەو بۆچوونە هەڵەیە بەباشی دەزانێت کۆمیسیۆنی عێراق بێت سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات."
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وتی: "با حەساسییەت وانەکات دام و دەزگاکانمان تێک بدەین و کۆمیسیۆنی هەرێم بێ ڕۆڵ بکەین و دایخەین. ئێمە تا سەر ئێسقان گلەییمان لە کۆمیسیۆنی هەرێم هەیە، بەڵام دژی ئەوەین کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بکات."
ئەو وتیشی، "کۆمیسیۆنی هەرێم لە نوێنەری پێنج حزبەکە پێکهاتوە و نوێنەری ئێمەی تێدا نییە. کۆمیسیۆن هی پێنج حزبەکەیە، بەڵام ئێمە مەبدەئییەن بڕوامان بەکاراکردنەوەی کۆمیسیۆن هەبووە."
ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەشی وت: "ئەو خەڵکە داوای هەڵبژاردن دەکات، گەر کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە چۆن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."
هەروەها وتیشی: "خەڵک پێی سەیرە ئێمە نوێنەرمان لە کۆمیسیۆن نییە و دەنگمان پێداوە، ئێمە حەز دەکەین قەوارەی هەرێم سەرکەوتوو بێت و دڵسۆزین بۆ خەڵک و خاکەکەمان."
دوای کشانەوەی ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان کە وەکوو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کشانەوە، دو پەرلەمانتاری بزوتنەوەی ئیسلامی جێگەی پەرلەمانتارە دەست لەکارکێشاوەکانی یەکگرتویان گرتەوە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی کوردستان دا بەیەک لیست بەشدارییان کردبوو.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی وتیشی: "یەکگرتووی ئیسلامی ئاگاداریان کردینەوە لە کشانەوەیان لە پەرلەمان بە ویستی خۆیان، ئێمە پێمان خۆش نەبوو گۆڕەپانی پەرلەمان چۆڵ بکرێت و چووینە پەرلەمان، بۆیە هیچ گلەییەکیان نەبوو".
Your Comment