ئەگەر کڵیچدارئۆغڵۆ سەرکەوێت، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی مافی کوردەکانەوە نادات

بەشی جیهان- جەیمز کێری بڕوای وایە کەمال کڵیچدارئۆغڵۆ کاندیدی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی تورکیا، تەنانەت ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانیشدا سەرکەوێت بڕیارێک لە بەرژەوەندیی کوردەکاندا دەرناکات و بە ئاوڕدانەوە لەوە کە دوو پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە، بە واتای ئەوە دەبێت کە لەم خولەدا لە پەرلەمانی تورکیا هیچ یاسایەک لە بەرژەوەندیی کوردەکان تێناپەڕێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زۆرینەی شرۆڤەکارەکان بڕوایان وایە کە تورکیا لە خاڵکێ هەستیاری مێژووییدا وەستاوە چوونکە ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردن بباتەوە، دەسەڵاتدارێتیی پارتی داد و گەشەپێدان بەسەر تورکیادا دەچێتە دەیەی سێهەمەوە و ئەگەر کەمال کڵیچدارئۆغڵۆ کە پشتگیریی کوردەکانی لە پشتە، سەرکەوێت کۆتایی بە ژیانی سیاسیی جیاوزترین دەموچاوی سیاسیی تورکیا دێنێت. لە لایەکی دیکەوە، پرسی کورد بەردەوام یەکێک بووە لە پرسە هەرە گرینگەکانی تورکیا کە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەش دروست کردووە. هەواڵدەریی کوردپرێس لەبارەی ڕەهندە جیاجیاکانی ئەم بابەتە لەگەڵ جەیمز کێری سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری ژیئۆپۆلیتیکاڵ ئەلێرت و شرۆڤەکار و چاودێری پرسەکانی تورکیا گفتوگۆیەکی ئەنجام داوە.

 

ئەگەر کەمال کڵیچدارئۆغڵۆ لە هەڵبژاردندا سەرکەوێت، چ هەنگاوێک بۆ کوردەکانی تورکیا هەڵدەگرێت؟

جەیمز کێری چەختی لە بەرنامەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کرد بۆ لادانی ئەردۆغان و بە هەواڵدەریی کوردپرێسی وت: پێموایە ئەگەر لە کۆتایی ئەم مانگەدا کڵیچدارئۆغڵو سەرکەوێت، گرنگ نییە چی دەکات، گرنگ ئەوەیە هەندێک لایەن بێ هیوا دەبن. هەموو ئەمانە پەیوەستە بە بەڵێنەکەی کڵیچدارئۆغڵو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە سەرۆکایەتییەی کە ڕەجەب ئەردۆغان هەوڵی دا لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ دا دایبمەزرێنێت. بڕیار بوو سیستەمی سەرۆکایەتی بڕیارەکانی حکوومەت ئاسانتر بکات بە پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە ئەردۆغان. ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی بیرۆکراسی و بەڕێوەبەرانێک کە لە ترسی دەرئەنجامەکان نەیانوێرا بە شێوەیەکی شەخسی بڕیار بدەن. بەڕای من؛ تەنانەت ئەگەر لەگەڵ سیاسی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدانی تورکیاش بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بم ، توانای تەواوی سیستەمی سەرۆکایەتی تورکیا بەکارنەهێنراوە. بەڵام ئەگەر ئەم سیستەمە بە دروستی بەکاربهێنرێت، ئەوا سەرۆکی نوێی تورکیا دەتوانێت بە بەکارهێنانی ئەم سیستەمە کۆمەڵێک گۆڕانکاری خێرا بکات- هەروەک چۆن ئەردۆغان لەگەڵ پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی تورکیا یان نوێنەر و سەرۆک شارەوانیەکانی ناوچە کوردستانییەکان بەکاری هێنا.

سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری ژیئۆپۆلیتیکاڵ ئەلێرت ئاماژەی بەوەدا کە کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ئاماژەیەکە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و گەڕانەوەی سیستەمی پەرلەمانی لە تورکیا، هاوشێوەی ئیسرائیل، کە هاوپەیمانی کەمینەکان بە گۆڕینی ئەندامانی پەرلەمان توانی کابینەیەک پێکبهێنێت، کە نەفتالی بێنت، وەزیری پێشووی بەرگری و پەروەردە و ئایین، و یایر لاپید، ڕۆژنامەنووس و وەزیری پێشووی دەرەوە کابینەیان پێک هێنا. پارتی داد و گەشەپێدان، هاوشێوەی ئەو دۆخەی کە لیکود هاوبەشەکانی پێشووی لەدەستدا و زۆرترین پشتیوانی لەدەست دا، لە نێو ڕاستڕەوەکانەوە بەدوای لایەنگری نوێدا دەگەڕا و گەڕایەوە سەر دەسەڵات. بەڵام گەڕانەوەی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا بۆ دەسەڵات تەنها بەهۆی لاواز بوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەوە مومکین بوو.

ناوبراو سەبارەت بەم بابەتە زیاتر وتی: "دۆخی تورکیا بە تەواوی لەگەڵ نموونەی ئیسرائیل ناگونجێت". پارتی گەلی کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتی کەمال کڵیچدارئۆغڵو بە پێچەوانەی یەعیر لاپید کە نوێنەرایەتی بەشێک لە پارتی کرێکارانی ئیسرائیل دەکات کە پێشتر پارتی باڵادەست بوو، ئیتر پارتی باڵادەست نییە. ئەم پرسە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کڵیچدارئۆغڵو لە کێبڕکێکانی پێشووتر لەگەڵ ئەردۆغان دۆڕا، بە ڕوونیدەبینرێت. هاوپەیمانیی ئێستای کڵیچدارئۆغڵو، وەک نموونەی ئیسرائیل، لە چەند لایەنی فراوان پێکدێت؛ کە بریتین لە پارتە توندڕەوەکانی چەپ و پارتی دیموکراتی گەلانی کورد تاکوو پارتە ڕاستە توندڕەوەکان وەک پارتی باش و پارتی سەعادەت. هاوپەیمانییەکەی ئێستای کڵیچدارئۆغڵویش ئەندامانی پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان و تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیاش لەخۆ دەگرێت کە هاوپەیمانی ئێستای ئەردۆغانە. هاوشێوەی ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا، ئەندامانی عەرەب زمان لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلیش لە پەرلەمان ئامادەن. پێدەچێت شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی تورکیا لە پرسی کورد ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە، هاوشێوەی دۆخی ناسەقامگیری پێکهێنانی کابینەی حکوومەت لە ئیسرائیل. سێنان ئۆغان هەر لەسەرەتاوە هۆشداریی داوەتە کڵیچدارئۆغڵو تەنها ئەگەر هیچ ئیمتیازێک بە پارتی دیموکراتی گەلان نەدات (لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا) پشتگیریی دەکات. "من پێموایە ورووژاندنی ئەم پرسە کاریگەری لەسەر حکوومەتی کلیچدارئۆغڵو دەبێت".

جەیمز کێری سیاسەتی دژە کوردی سەرجەم ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی شەش قۆڵیی تورکیای وەبیر هێنایەوە و وتی: هەر شەش پارتەکەی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی کڵیچدارئۆغڵو کە بە شەش لایەنی ئۆپۆزیسیۆن ناسراون، مێژوویەکی دژە کوردیان لەم وڵاتەدا هەیە. ئامانجی سەرەکی ئەم هاوپەیمانییە دوورخستنەوەی ئەردۆغانە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر سەربکەون، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و جددی سەبارەت بە مافەکانی کورد نادەن. زیاتر لەمەش پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیایان بەدەستەوەیە، واتە لەم ماوەیەدا هیچ یاسایەک لە بەرژەوەندی کورد تێناپەڕێت و دەتوانن ڕێگری لە هەر جووڵەیەکی کلیچدارئۆغڵو بکەن. من ناتوانم ئەوەش بڵێم، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی کڵیچدارئۆغڵو و پەرلەمانی ئێستا، گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی باشترین ڕێگایە بۆ کوردەکانی تورکیا. ئەگەر بەڕاستی کڵیچدارئۆغڵۆ بیەوێت هاوکاری کوردەکانی تورکیا بکات، دەبێت ڕووبەڕووی هەمان ئەو لایەنە ناسیۆنالیستیانە ببێتەوە کە دەیتوانی شکستیان پێبهێنێت یان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بەڵام کڵیچدارئۆغڵۆ سەرنجی لەسەر دژایەتی کردنی ئەردۆغان و ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی سەرۆکایەتییە. هەروەها هیچ کەسێک دڵخۆش نابێت بە سەرقاڵ بوونی کڵیچدارئۆغڵۆ لەگەڵ بە پرسی کوردەوە. پێموایە باشترین شت بۆ کوردانی تورکیا ئەوەیە کە هیوای ئەوە بخوازن کە پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانی شەش قۆڵی بە سەرکردایەتی پارتی گەل کۆماری زیاتر یەکتر سەرقاڵ بکەن. "بەڵام دڵنیام پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵی بەدەست هێنانەوەی دەسەڵات دەدات و شێوازی کلاسیک بەکاردەهێنێت، لەوانەش پڕوپاگەندەی دژە کورد و هەڵمەتی تیرۆر".

 

چارەنووسی کورد و ئۆپۆزسیۆن لەئەگەری سەرکەوتنی ئەردۆغان

سەبارەت بە سیاسەتی ئەردۆغان لە ئەگەری دووبارە سەرکەوتنەوەیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، کە شەش ڕۆژی تر لە 28ی ئایاری 2023 بەڕێوەدەچێت، ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: ئێستا باشترین کاتە بۆ دوورخستنەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات دوای دوو دەیەی ڕابردووی حوکمڕانییەکەی، بەڵام کێبڕکێ هەر ماوە کۆتایی نەهاتووە و ناکرێ داهاتووی تورکیا بەبێ ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا وێنا بکرێت. ئەگەر ئەردۆغان سەرکەوت و بەردەوام بوو لە حوکمڕانی، چاوەڕوانی کارە ئاساییەکانی بکەن. پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵ دەدات قەناعەت بە گەلی تورکیا بێنێت کە دەسەڵاتی ڕەها بە ئەردۆغان ببەخشرێت تەنانەت ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا بە جیاوازییەکی کەم لە سەر کلیچدارئۆغڵو سەربکەوێت. لەم حاڵەتەدا ئەو کردەوانەی کە باسم کرد لە دۆسیەی سەرکەوتنی کیلچدارئۆغڵودا ئەگەری و مومکینن، بەڵام لە دۆسیەی سەرکەوتنی ئەردۆغاندا مەحاڵ دەبن و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەردۆغاندا هیچ ڕێکخستنێکی کاریگەر بۆیان نامێنێت. ئەردۆغان بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک ئاستەنگ وەک ئابووری داڕماوی تورکیا، ملیۆنان سووریی ئاوارە - کە هەموویان دەیانەوێت ڕادەست بکرێنەوە - و وەڵامدانەوەی نەشیاوی بۆ بوومەلەرزەکە و داوای لێبووردن لە خەڵک بۆ جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانی. پێدەچێت زۆربەی خەڵکی تورکیا لە داهاتوودا تووشی هەمان ئەو کێشانە ببنەوە کە دانیشتوانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

جەیمز کێری لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە سیاسەتی ئەردۆغان لە ئەگەر بەدەستەوەگرتنی  پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، بەتایبەتی سەبارەت بە کورد، وتی: "هەرچەندە ئابووری تورکیا تادێت بەهۆی سیاسەتە ئابوورییە کۆنەپەرستەکانی پارتی داد و گەشەپێدان بەرەو داڕمان دەڕوات و سەرچاوە داراییەکانی وڵات لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تا بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی زستانی ڕابردوو کەمی کردووە، حکوومەت بەردەوامە لە ڕشتنی پارە بۆ گیرفانی ئەردۆغان و بنەماڵەکەی. ئەردۆغان ئەم سیاسەتانە بۆ شەیتانی نیشان دانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەکار دێنێت کە تا ئێستاش هاوپەیمانی ئەون. ئەردۆغان تورکیا وەک قوربانییەکی بەردەوامی ژیۆپۆلەتیک نیشان دەدات، کە لەسەر نائومێدیەوە ناچارە پاڵپشتی ڕەوتی سەرمایە بکات. دەبینین ئەم چارەسەرانە تورکیایان نەهێناوەتەوە بۆ قۆناغی موعجیزەئامێزی گەشەی ئابووری لە قۆناغی سەرەتای حوکمڕانی داد و گەشەپێدان بەسەر تورکیادا. پێدەچێت ئەم شێوازە کارییە بەردەوام بێت چوونکە من پێموایە لەوەتەی ئەردۆغان پۆستی سەرۆکایەتی تورکیای وەرگرتەوە، بەهۆی هەندێک فەزیحەی پارتی داد و گەشەپێدان ڕووبەڕووی ڕەخنەی گشتی بووەتەوە و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانیەکانی تورکیایە دیسانەوە لاوازتر دەبێت. پێویستە خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بە شەیتان نیشان دانی کوردەکان؛ چ لە ناوخۆ یان دەرەوەی تورکیا ئامادەکاری بکەین. پێدەچێت شەڕی تورکیا دژی کورد لە باشووری ئەم وڵاتە بەردەوام بێت. ئەردۆغان بە ڕوونی پێی وایە چیتر بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە پێویستی بە دەنگی کورد نییە و ڕێگە نادات کورد حزبی هەبێت یان پۆست بەدەستەوە بگرێت.

 

پاشهاتەکانی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ ئەمریکا و سووریا و هەرێمی کوردستان

شرۆڤەکاری پرسەکانی تورکیا سەبارەت بە لێکەوتەکانی سەرکەوتنی کڵیچدارئۆغڵو، ڕکابەری ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، بۆ هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان، لەوانەش هەرێمی کوردستان، ئەمریکا و سووریا ڕایگەیاند: "پێموایە سەرکەوتنی کڵیچدارئۆغڵو لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەرئەنجامی ئەرێنی بۆ ئەمریکا، سووریا و هەرێمی کوردستانیش دەبێت. پێدەچێت ئەردۆغان بە جۆرێک بێزار بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکانی سووریا کە ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات. ڕووسیا پێدەچێت بەردەوام بێت لە شەڕ کردن لە باکووری سووریا بەبێ گوێدان بە ئەوەی کێ سەرۆکی تورکیایە، چوونکە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی هێزەکانی سەر بە تورکیا دەدات. هەندێک ڕووداو وەکوو کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕووسیا و کوشتنی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە خاڵی وەرچەرخانێک بوون لە خراپی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات. تەنانەت هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکان نیگەرانی خۆیان لە ئاستی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا دەربڕیوە و پێموانییە کە ئەگەر کڵیچدارئۆغڵو لە بەرامبەر ئەردۆغان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بیەوێت درێژە بەو ململانێ بێمانایانە بدات. بەو پێیەی شەڕ لە سووریا و عێراق زیاتر ئامرازێک بوون بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ پارتی داد و گەشەپێدان، پێموانییە کڵیچدارئۆغڵو درێژە بەم ڕەوتە بدات".

 

تواناکانی کڵیچدارئۆغڵو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا

جەیمز کێری سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم کڵیچدارئۆغڵو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە کوردپرێسی وت: پێم وانییە کڵیچدارئۆغڵو بۆ کۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕووبەڕووی دژایەتییەکی زۆر ببێتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕووبەڕووی ئەو حکوومەتە نووستووە ببێتەوە کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات. ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەرکراون یان دەستگیرکراون. پێویستە قلیچدارئۆغڵو ئەو سوپا و بەشە ئەمنییانەی کە ئەردۆغان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەستکاری کردوون و دوای کوودەتاکەی ٢٠١٦ بەتەواوی کۆنترۆڵی کردن؛ بونیات بنێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی نوێی نووستووی تورکیا زیاتر لە خولێکی سەرۆکایەتیی پێویستە و هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی کڵچدارئۆغڵو دەبێت بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و بەرەنگاری بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئاکەپە ببێتەوە لە پەرلەمانی تورکیا و ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەردۆغان بۆ دەسەڵات بکات. سەبارەت بە پرسی کوردی تورکیا، پێموایە بەو پێیەی زۆربەی ئەندامانی هاوپەیمانیەکەی کەمال کڵیچدارئۆغڤۆ دژە کوردن، دەستەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەستراوەتەوە. هەواڵی خۆش ئەوەیە کە هەندێک لایەن کە بەدرێژایی ساڵان لە دەسەڵات دەرچوون، هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە کورد نەرمتر کردووە. هەریەک لە لایەنە دژبەرەکان تا ڕادەیەک سووکایەتییان پێکراوە. ئەوەیە کە لەناکاو دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساوە. ناپەسەندبوونی ئەردۆغان لەلای زۆرێک لە خەڵکی تورکیا، تورکیای زیاتری یەکگرتوو کردووە کە ئاگاداری دەستدرێژی بۆ سەر کوردەکانن. تەنانەت پارتی کۆماریخوازی گەلیش بەدرێژایی ساڵان هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە. ڕاستە ئەم پارتە وەک ٢٠ ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵام ئەو حکوومەتەی کە پێدەچێت کڵچدارئۆغڵو بەدەستەوەی بگرێت، وەک حکوومەتی تورکیای دەیان ساڵ لەمەوبەر نییە. هیوادارم پڕۆسەی ئاشتی نێوان حکوومەتی تورکیا و کوردانی ئەم وڵاتە دەست پێبکاتەوە و کۆتایی بە زیندانی کردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بهێنێت. بەڵام پێموانییە ئەم ململانێیە درێژخایەنە تەنانەت بە بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، کۆتایی پێبێت. پێویستە شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن سەرنجیان لەسەر بەیەکگرتوویی مانەوە بێت بۆ ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵات دوور بخەنەوە و لە داهاتوودا دەست بەسەر پەرلەمانی تورکیادا بگرن. یان ئەوەی کە کڵیچدارئۆغڵو هەندێک لە دەسەڵاتەکانی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ هەندێک گۆڕانکاری بەکار بهێنێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی جەماوەریی ناوبراو لای ئۆپۆزیسیۆنەوە.

News Code 221487

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha