بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی پیرە دوای ئەوەی سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفای کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەستپێشخەکری بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی، رایگەیاند: "جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکدا کە کاک نەوشیروان هات بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کە بەشێکی زۆری سەرکردایەتییەکان لەوێ بوون، کاک نەوشیروان وتی رەنگە ژیانم و تەندروستیم یارمەتیم نەدا پۆست وەربگرم بۆیە کەس مەترسی ئەوەی نەبێت پۆستەکانی داگیر بکەم، من هاتووم لە سەلام و علیکەوە تاوەکوو یەکگرتنەوە ئامادەم".
ئاماژەی بەوەش کرد: "پێموایە ئەو بابەتە لەلایەن بەرپرسانی گۆڕان هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە و پێشوازی کردن لەو بۆچوونە لەلایەن یەکێتی هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە، یەکێتی و گۆڕان سەرچاوەی فکریان یەک سەرچاوەیە، شێوەی بیرکردنەوەشیان یەکە، نازانم ئەگەر بەرژەوەندی کەسێک بچێت بەلایەکدا یان بەجۆرێکی دیکە بێت، بەڵام لە بنەڕەتدا لە بازاڕی سیاسەتدا لای دوژمنەکان بە یەک چاو سەیر دەکرێن".
پەیوەست بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، سەعدی پیرە وتی: "دەبێت پارتی و یەکێتی هەرچی کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەکانی شەش مانگی رابردوو بهێنرێت، ئەوەی کێشەی بابەتی کورسی کۆتانە لە بابەتی هەڵبژاردن، ئەو بابەتە زۆر بە هەڵە بەلاڕێدا دەبرێت".
سەعدی پیرە باسی لەوەش کرد، "یەکێتی نایەوێت لە دەرگا و پەنجەرەی کۆتاکانەوە فێڵی لێبکرێت، پێشتریش وتم ناکرێت پێش ئەوەی یاریەکە دەستیپێکردبێت 11 گۆڵ بۆ لایەنی بەرامبەر تۆمار کرابێت".
پەیوەست بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، "ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێت پاش سێ هەفتەی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت".
Your Comment