مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوە: هەردوولا بڕیارمان دا وەک یەک تیم کار بکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەدوای کۆبوونەوەکەیان رایانگەیاند، بڕیارمان دا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا یەکێتی و پارتی بڵایان کردەوە، "دوای دەستپێشخەریەکەی مەسعوود بارزانی کە رۆژی 11ی (ئایار/5)ی 2023 لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی خستیەڕوو ، ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا وێرای بەرز نرخاندنی دەستپێشخەری مەسعوود بارزانی کە لەکاتی پێویستدا هات، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناوماڵی کوردستانی ڕێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پەسەندکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەی تێکڕای لایەنەکانی پێکهێنەری کابینەی  نۆیەم و هەردوو مەکتەبی سیاسی  بە تەواوی پشتیوانی  لێدەکەن".

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا پەرۆش و هاوڕا بوون لەسەر بەهێز کردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەلە کردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسیەکان بۆ فەراهەم کردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی  پارلەمانی کوردستان  لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا".

ئاماژەیان بەوەش کردووە، "هەردوولا خوازیاری ئەوەین کە هەموو لایەک هاوکار بن لەبەردەوامی کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەهێشتنی کەلێنەکانی رابردوو".

یەکێتی و پارتی ڕاشیانگەیاندووە، "هەردوولا بڕیارمان دا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام بدرێت بۆ فەراهەم کردنی کەش و هەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".

News Code 221462

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha