بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند: "ماوەی چەند رۆژێکە کارەکانی دروست کردنی رێگە و دانانی قوللـەی چاودێری لە سنووری نێوان عێراق و ئێران لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی دەستپێکردووە کە بڕیارە ۳۶ قوللـەی چاودێری دروست بکرێن و سەرجەم پێداویستییەکانیان بە پێشکەوتووترین شێوە بۆ دابینبکرێت لە ئامێری تایبەت و پێداویستیی دیکە".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا دەست بە دامەزراندنی ۱۸ قوللـەی چاودێری کراوە لە ناوچەی قۆرەتوو لە گەرمیان و تاوەکو سنووری قەزای پێنجوێن دەگرێتەوە، ۱۸ قوللـەکەی دیکەش لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تاوەکوو قەڵادزێ و ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی راپەڕین و ئێران دەگرێتەوە".
دروست کردنی قوللـەکانی چاودێری لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دوای سەردانێکی رۆژی ۱۸ـی نیسانی ۲۰۲۳ لیوای مافپەروەر، محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی گشتی هێزی پاسەوانانی سنووری عێراق دێت بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ لیوا روکنی مافپەروەر حەماد فازڵ هادی دزەیی، فەرماندەی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، کە پێکەوە سەردانی بارەگاکانی لیوای ۲۱ـیان کردبوو بۆ بەدواداچوونی پتەو کردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران.
Your Comment