یەکێتیی نیشتمانی لەمپەری سەرەکیە لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی تۆمەتبار کرد بە رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەدووری زانی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە یەکەم رۆژەوە کە باس لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، حزبەکەی بە ناچاری ئەم هەنگاوەی ناوە، بۆئەوەی ئامادەکارییە یاساییەکان تەواوبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

وتی ئێمە لە داواکارییەکانی خۆمان هاتووینەتە خوارەوە، تەنیا ئامانجمان ئەوە بووە، هەڵبژاردن بکرێت، لە نووسراوێکدا بە 18 خاڵ ئەوە دەخاتەڕوو، کێ هۆکار بووە بۆ ئەنجامنەدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، وتیشی: هۆکاری سەرەکی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

پێشەوا هەورامانی دەڵێت لە رۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2021، ساڵێک بەر لە تەواوبوونی خولی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکاسیۆنەکان، پێشنیازی دروستکردنی کۆمسیۆنی نوێیان کردووە، بە چەند رێگایەک، بەڵام ئەم بابەتە کێشەی بۆ دروستکرا و لایەنی سەرەکی لەم بابەتەدا نەهاتە پێشەوە بۆئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە.

لە نوسراوەکەدا فراکسیۆنی پارتی، دوای دوو کۆبونەوەی دیکە لە رۆژانی 18 و 20ـی تشرینی دووەمی 2021، فراکسیۆنەکانی دیکە بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، داوایانکرد هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ پرۆژەیەک بۆ داواکارییەکەی خۆیان پێشکەش بکەن.

پێشەوا هەورامانی راشیگەیاند، لە رۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2022 شاندێکی سیاسی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد لە سلێمانی و جەختیان کردەوە لەوەی، کات لەبەردەست نییە و پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە، بڕیاربوو دوای هەفتەیەک لایەنی بەرانبەر سەردانی ئێمە بکەنەوە، بۆئەوەی گفتوگۆی زیاتر لەو بابەتە بکەن، بەڵام شاندەکەن ئامادەییان پیشان نەدا و دواتر سەردانیان نەکردینەوە.

لە یەکێک لە خاڵەکانی نووسراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا  ئاماژەبەوەکراوە، رۆژی 8ـی 2ـی 2022، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان له پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاندووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ئەوان وەک پارتی رازین لەسەر پێشنیارەکەیان، بۆئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەکوو خۆی کارابکریتەوه، ئەمه جگه لەوەی سازشیان له مافی خۆیان وەک به رکەوتەی هەڵبژاردن کرد و واژوویان لەسەر رێککەوتنێک کرد که بۆ هەردوو پرسی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن زۆرینه بەکارنەهێنرێت بەڵکوو بە سازانی سیاسی هەنگاوه په رلەمانییەکان بنێن.

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی وتیشی: "دوای ئەم هەنگاوانه لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری یەکێتی لەمپەر بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان دروست کرا، بۆیە نه توانرا تاوەکو 2ـی 6ـی 2022، دانیشتنی پەرلەمان ئه نجام بدرێت چوونکه ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بەست بووەوه بەو مەرجەی که نابێت پرسی کۆمسیۆن و هەڵبژاردن بخرێنه بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان".

News Code 221371

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha