هەموو بەرنامەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەردۆغان هەڵوەشایەوە

بەشی تورکیا- سه‌رۆک کۆماری تورکیا دوای ئه‌وه‌ی دۆخی ته‌ندروستی تێکچوو، بەرنامەکانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەڵوەشاندەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان که‌ هاوکات سه‌رۆکی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانه‌، بە هۆکاری تێکچوونی دۆخی تەندروستی ئه‌مڕۆ گردبوونەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی هەڵوەشاندەوە.

ئەردۆغان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی، "ئەمڕۆ بە ڕاوێژی پزیشکەکانم لە ماڵەوە پشوو دەدەم".

درەنگانی شه‌وی رابردوو ئەردۆغان له‌میانی چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا دۆخی ته‌ندروستی تێکچوو، دواتر راگه‌یه‌ندرا که‌ بەهۆی تێکچوونی گەدەیه‌وه‌ هەستی بە نەخۆشی کردووە.

ئەردۆغان کە کاندیدی سەرۆکایەتییە لە لیستی هاوپەیمانی گەل، بڕیاربوو ئەمڕۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە کرکالە و سەواس بەڕێوە ببات، به‌ڵام داوای لە هاوڵاتیانی ئەو شارانە کرد کە لێی ببوورن و لە توویتەکەیدا وتی: "سوپاسی هەر ئەندامێکی میللەتی خۆم، هەریەک لە خوشک و براکانم دەکەم، کە نزا و دوعای خۆیان بۆ ئەو ناڕەحەتییە بچووکە کرد کە لە کاتی پەخشەکەدا بەهۆی سەرقاڵی کارەکانمەوە تووشی بووم".

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی ئەردۆغان، لەبری ئەو، فوئات ئۆکتای جێگرەکەی بەشداری لە گردبوونەوە و مەراسیمەکانی ئەو سێ شارەدا دەکات.

News Code 221316

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha