بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی بلۆمبێرگ-ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو بارهەڵگرانەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانیان دەگواستەوە، دوای مانگێگ چاوەڕوانی، بێزاربوون و بە بەتاڵی ئاوەکانی نزیک وێستگەی هێڵی بۆرییەکانی تورکیایان بەجێهێشتووە.
ئاژانسەکە ڕوونیکردووەتەوە، کە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەمزووانە دەستپێناکاتەوە، بەهۆی چارەسەر نەکردنی کێشەکان لەنێوان حکوومەتە پەیوەندیدارەکان.
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، پێنج بارهەڵگری گواستنەوەی نەوت لە نزیک بەندەری جەیهانی تورکی لە چاوەڕوانیدا بوون، هەردوو کەشتی Neverland and Amax Anthem لە پشووەکانی کۆتایی هەفتە بەبێ هەڵگرتنی نەوتی خاو ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.
لە هەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، تائێستا سێ بارهەڵگری کرێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی کوردستان لە نزیک بەندەرەکە چاوەڕوانی دەکەن و ئەو پێنج بارهەڵگرە بۆ گواستنەوەی نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەکارهێنراون.
شایانی باسە دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سزای ۱ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو سەپاند بەسەر تورکیادا، لەپای ئاسانکاری کردنی بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە ئەو وڵاتە لە ٢٥ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە.
Your Comment