بەپێی هەواڵی کوردپرێس، داهاتووی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە ماوەی یەک مانگە ڕاگیراوە هێشتا تەم و مژاویە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەی عێراقییەوە، ڕایدەگەیەنێت کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی نادیار درێژەی دەبێت و دەشنووسێت: زۆر ئەستەمە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە دەست پێبکاتەوە.
ئەم ئاژانسە ڕاشیگەیاندووە، هۆکاری بەردەوام بوونی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراقە سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی نێوانیان.
شایانی باسە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی عێراق دەرکرد، تورکیا بەهۆی هەناردە کردنی نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستان مەحکووم کرا و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.
هەرێمی کوردستانی عێراق نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر دەستی بە هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە کردووە. بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بوەستێنرێت نزیکەی 450 هەزار بەرمیل بووە.
Your Comment