بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی، بە دەنگی ئەمریکای وتووە: ئەم گرژیەی ئێستا دروست دەبێت لەبەر بابەتی هیچ و بێ مانایە، ئەگەر نیازمان هەبێت هەموومان هەڵبژاردن بکرێت کەی کێشەیە، ئێمە بە دەستی یان بە ئەلکترۆنی دەنگەکان دەژمێرین، شتی زۆر ورد دەکرێتە بیانوو. بۆیە تەسەوڕ ئەکەم وا بڕوات کۆبونەوەکان ناکرێت، واتە هەست دەکەیت نیازیان نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
ئەندامەکەی شاندی دانوستکاری پارتی وتیشی: کێشە وەک کێشە هیچ کێشەمان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ ڕێککەوتنێکیش نییە، ئێمە وەک خەڵكی تر نین، لایەنەکانی تر چەند بازنەییان ویست وتمان باشە، هەرچەندە باوەڕمان پێی نە بوو، یاخود وتیان با نیو کورسی کراوە بێت و نیو داخراو بێت وتمان باشە، وتیان با ژمارەی کورسیەکان لە سەر بنەمای ئەو دابەشکاریەی عێراق بێت، خۆت ئەزانی 11 بۆ دهۆک، 15 بۆ هەولێر و 18 بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەر بە ڕێژەی سەدی وەریگرین واتە سەدا 41 بۆ سلێمانی هەر وتمان باشە، ئێمە وتمان هەر ڕازین ئەگەر بە دڵی ئێمەش نەبێت، بەڵام لایەنەکانی تر هەر ڕازی نەبوون.
لە بەرامبەردا، ڕزگار حاجی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، دواکەوتنەکە دەبەستێتەوە بەوەی کە کۆمسیۆن ئامادەکاری نەکردووە و ڕێکنەکەوتوون لەگەڵ پارتی.
ڕزگار حاجی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆک بکەن، ئەوە شتێکی ترە. ئەگەر نا کۆمیسیۆن ماوەی بەسەرچووە و دەبێت کارا بکرێتەوە و یاساکە هەموار بکریتەوە. هەموو لایەنەکان کۆبونەوەمان کردووە و نەگەشتوینەتە رێککەوتن. گەر هێزەکان بەشداری هەلبژاردن بکەن دەبێت یاساکە هەموار بکریتەوە و پیکهاتەکانیش چۆن لە عێراق کورسی کۆتای پێکهاتەکان دابەش کراوە لە کوردستانیش دابەش بکرێت.
ڕۆژی ٢٦ی ئادار، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریی کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام یەکێتی و پارتی لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە چۆنییەتی هەڵبژاردنەکان ناکۆکن.
Your Comment