بۆچی سەرەڕای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هێشتا دەستی پێنەکردۆتەوە

بەشی جیهان- ڕۆژنامەی نیو عەرەب، لە ڕاپۆرتێکدا باس لەمە دەکات کە سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتدارێتیی پارە هەڵگرتن لە هەژماری نەوت و خاوەندارێتی بۆری نەوتیی کەرکووک-جەیهان ڕێگری کردووە لە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیار بوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا -کە دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی عێراق ڕاگیرا- دوای ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک­وەزیرانی عێراق، دەست پێبکاتەوە بەڵام ئەو بۆریە نەوتی هێشتا داخراوە.

ڕۆژنامەی نیو عەرەب بە پشتبەستن بە سەرچاوە نەوتییەکان بڵاویکردەوە، سەرەڕای ڕێککەوتنە نوێیەکە ئاستەنگی جددی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەم گۆڤارە نووسیویەتی: دوو پرسی گرنگ یەکلایی نەکراونەتەوە، یەکەم ئەوەیە کە کام لە لایەنەکان مافی ئەوەیان هەیە لەو حسابەی کە پارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەچێتە سەر، پارە هەڵبگرێت، دووهەم خاوەندارێتی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیایە کە لە ئێستادا ٦٠٪ی لە کۆنترۆڵی کۆمپانیایەکی ڕووسیدایە، بۆ کام لایەن دەگوازرێتەوە؟

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، عێراق مکووڕە لەسەر ئەوەی کە بریکارەکانی حکوومەتی ناوەندی سەرپەرشتیی وەرگرتنی پارە لەسەر هەژماری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها بەشێکی سەرەکی لە خاوەندارێتی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، کە لە ئێستادا لەدەستی کۆمپانیای کارگرووپ-ی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقە، ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت.

بەڵام بەپێی هەندێک ڕاپۆرت تورکیایش کاریگەری لەسەر دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە، چوونکە ئەنقەرە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە ناکۆکییە چارەسەر نەکراوەکان پێش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە.

News Code 221250

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha