ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەرئەنجامی ئەو شێوازی سیاسەت کردنەیە کە ئێستا لەو شارە دەگوزەرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت رووداوەکەی فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی دەرئەنجامی ئەو شێوازی سیاسەت کردنەیە کە ئێستا لەو شارە دەگوزەرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەنراوێکدا لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: "لە دوای بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەرووی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و مەترسی لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە وایکرد کە بەردەوام چاودێری دۆخەکە بکەم، هەر لەو چرکە ساتەوە و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەم پەیوەندییەکانی خۆم خستۆتە گەڕ بۆ رێگرتن لە تەشەنە سەندنی گرژییەکان، ئیدانەی ئەو رووداوەی  ناو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری شاری سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی دەکەم".

شێخ جەنگی دەشڵیت: "وڵاتانی دراوسێ دەبێت لە رێگەی دیالۆگ و کەناڵە ڕەسمیەکانەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، داواکارم لایەنە سیاسیەکانیش لە هەرێمی کوردستان دانبەخۆیاندا بگرن تا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەون. پێویستە هەڤاڵانمان لە رۆژئاوا بە ورریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بزانن کە دۆخی ئێستای سلێمانی وەک پێشتر نیە و رووداوی کەوتنە خوارەوەی دوو هەلیکۆپتەرەکە و رووداوەکەی دوێنێ بەرئەنجامی ئەو شێوازی سیاسەتکردنەیە کە ئێستا لە سلێمانی دەگوزەرێت".

لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەش کردووە: "ڕابردوو سەلماندوویەتی کە هاوکاری کردنی خوشک و براکانمان لە هەر پارچەیەکی کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆمان زانیوە، بەڵام ناکرێت خەڵکی کوردستان باجی هەڵە و عینادی سیاسییەکان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کاری نا عەقڵانی بدەن و بە دروشمی موزەیەفی کوردایەتی ختوکە بدرێن، یەکتر تەخوین کردن و موزایەدەی سیاسی خزمەت بە هیچ لایەک ناکات، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیی لەسەر شێوازی حکومڕانی و ئیدارەدانی سلێمانی گەیشتۆتە ئاستی لێکترازان، ئەوانەی بەراستی خەمی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیانە و لە هەستیاری ئەم قۆناغە تێدەگەن بەتایبەت کە ئێستا رێککەوتنێک لە ئارادایە لەگەڵ بەغدا کە هەنگاوێکە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری و باشبوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و مووچەخۆران".

ناوبراو باسی لەوەش كردووە: "دەبێت باش بزانن کە لە ئێستادا دەستبەردار بوون لە تاکڕەوی سیاسی و لێکتێگەیشتن و کاری پێکەوەیی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی و دۆخی نا ئارامی سلێمانی بەتایبەتی لەهەموو شتێک گرنگترە. نابێت رێگە بدەین ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی بازاڕ و کاسبکاران و ئاشتی کۆمەلایەتی تێک بچێت، سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی قوربانی زۆریان داوە،  شایەنی ئەوە نین لەوە زیاتر سزا بدرێن و  لەو نا ئارامییەدا بمێننەوە".

News Code 221240

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha