بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیخڵاس دلێمی پەڕلەمانتاری پارتی لە پەڕلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە تەلەفزیۆنی عێراقییەی ڕاگەیاندووە: دەبوو یاسای بودجە لە دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی بوونی هەندێک گرفتەوە دواکەوتووە، لەوانە تانەدانی حکوومەتی بەغدا لەچەند بڕگەیێکی یاساکە.
بەوتەی دلێمی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داتا پێویستەکانی رادەستی هەردوو وەزارەتی نەوتو دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی لە بەغدا کردووە".
ڕوونیشی کردۆتەوە، ئەو بڕگانەی ناو بودجە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، بەهەماهەنگی و سەرپەرشتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی نەبێت جێبەجێ ناکرێن، ئەو داتایانەشی هەرێم ڕادەستی کردوون، پەیوەستن بە نەوت و ژمارەی فەرمانبەرانەوە، بەڵام هێشتا بەغدا بۆ دیاری کردنی میکانیزمێک بۆ ڕادەست کردنی بەهای نەوتی هەرێم بەبەغدا هیچ دەستپیشخەرییێکی نەکردووە.
دلێمی ئەوەشی وتووە، "بڕگەیێک لەناو یاسای بودجەدا هەیە کە دەقی لەسەر ئەوەداوە دەبێت داهاتەکان لەساڵی 2014وە لەنێوان هەرێم و بەغدا پاکتاو بکرێن، ئەوکارەش دەبێت لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە ئەنجام بدرێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو داتایانەی ئێستا لەبەردەستی دیوانی چاودێری دارایی بەغدایە، پەیوەستن بەژمارەی فەرمانبەران و داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان، "هەماهەنگی لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا هەیە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment