بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کێنز ماکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا سەبارەت بەو مەترسییە بە کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکیی راگەیاندووە، یەکەم هەنگاو بە ئاراستەی چارەسەرکردنی دۆخی کەمپی هۆل دەستیپێکردووە و 100 خێزانی عێراقی لەو کەمپەوە دەگەڕێندرێنەوە عێراق.
ئەو فەرماندە باڵایە لە سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خێزانە عێراقییانە بەپێی پلانێک هەفتەی داهاتوو بەرەو عێراق دەگەڕێندرێنەوە.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەکان هەنگاوی یەکەمە و پێویستە وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوەی بەغدا خەڵکی وڵاتی خۆیان لەو کەمپەوە بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێننەوە.
ماکێنزی گوتیشی، دەکرێت داعش بە هەر جۆرێک بێت بگاتە نێو کەمپەکە و دانیشتووانەکەی بەکاربهێنێت، هەربۆیە ئەوە هەڕەشەیێکی دوورمەودایە و رێگەگرتن لە سیناریۆیێکی وەها مەترسیداریش تەنیا گەڕانەوەی خێزانەکانە لەو کەمپەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
ئەو فەرماندە سەربازییە باڵایەی ئەمریکا ئاشکراشی کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئێستا لەنزیکەوە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.
ماکێنزی هەینیی رابردوو سەردانی کوردستانی سووریای کرد، ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەمریکا لەو بوارەدا لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کار دەکات و لە هەمان کاتیشدا ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان هاوکاریی ئەو هێزە دەکەن لە شەڕی دژی داعشدا.
کەمپی هۆل لە کوردستانی سووریا بووەتە شوێنی مانەوەی هەزاران خێزانی عێراقی، سووری و بیانی و نزیکەی 65 هەزار کەسی تێدایە کە زۆربەیان هاوژین و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن و لەو کەمپە دەستبەسەرن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا پێشتریش ئاماژەیان بەوە کردبوو کە مانەوەی ئەو ژن و منداڵانە لەو کامپە وادەکات ئەو کەسانە لە داهاتوودا ببنە مەترسی و هۆکاری سەرهەڵدانەوەی داعش و بیری پەڕگیری.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment