بەپێی هەواڵی کوردپرێس، 'ئۆیل پرایس'ی ئەمریکی کە تایبەتە بە هەواڵەکانی وزە بڵاوی کردەوە بەم دواییانە سێرگی تسێڤێلیڤ وەزیری وزەی ڕووسیا گوتیەتی، ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی و وەبەرهێنان لە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ۲۰۱۷، کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی سێ ڕێکەوتننامەی گەڕان بەدوای نەوتی لە هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە لە پێنج بلۆکی نەوتی ناوچەکە پرۆسەی گەڕان دەکات، کە یەدەگی نەوتی هەر پێنج بلۆکەکە بە زیاتر لە ۶۷۰ ملیۆن بەرمیل خەمڵێندراوە.
ئاژانسی 'تاس'ـی ڕووسیا لە زاری وەزیری وزەی ڕووسیا بڵاویکردەوە، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت، ڕێگە بە کۆمپانیا ڕووسیەکان دەدات پڕۆژەکانیان لە ناوچەکە دەستپێبکەنەوە، کە پێشتر کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی هەندێک لە چالاکییەکانی بەهۆکاری ئەمنی لە هەرێمی کوردستان ڕاگرتبوو.
گوتەبێژی ئەپیکور، مایڵز کاگینز، کۆبوونەوەی ئەم دواییەی بەغدای بە هەنگاوێکی باش بو لەبەرەوپێشەوەچوونی گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی جەیهانەوە.
لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ساڵی ۲۰۱۷دا، سەرنجی خستە سەر کەرتی نەوتی عێراق، بەتایبەت کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەوکات یەدەگی نەوتی هەرێم بە ۴ ملیار بەرمیل خەمڵێندراوە. بەڵام دواتر ئەم ئامارە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پێداچوونەوەی بۆ کرا و یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ۴۵ ملیار بەرمیل خەمڵێندرا.
سەبارەت بە یەدەگی غازی سروشتی هەرێم، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئێستا لە ۲۰۰ تریلیۆن پێ سێجا کەمتر نییە کەدەکاتە ۵.۶۷ ترلیۆن مەتر سێجا، واتە نزیکەی ۳%ی یەدەگی غازی جیهان پێکدەهێنێت.
Your Comment