بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار رایگەیاند: لەکاتێکدا هێرش و هەڕەشەکانی تورکیا دژی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، گفتوگۆی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هەسەدە لەلایەک و حکوومەتی سووریاش لە لایێکی دیکەوە بەردەوامە، پێویستە دیمەشق باشتر بێتە پێشەوە و کێشە دروست نەکات.
کۆبانێ رایگەیاند: هیچ کات ئێمە نەبووینەتە هۆکاری قەیرانی سووریا، بەڵکوو بەرگریمان لە خاکی خۆمان کردووە و داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانمان لە ناوچەکە دەرکردووە، تاکە چارەسەری قەیرانی سووریا، چارەسەری سیاسییە، بەبێ بەشداریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، قەیرانی ئەم وڵاتە چارەسەر ناکرێت.
مەزڵوم کۆبانێ راشیگەیاند: لە ساڵی 2011وە هەڵوێستی ئێمە روونە بەرامبەر قەیرانی سووریا، کە لەگەڵ یەکپارچەیین و دژی دابەشکاریین، پێویستە حکوومەتی سووریا واز لە عەقڵیەتی شۆڤێنی خۆی بهێنێت، بەبێ گۆڕینی ئەو بیرکردنەوانە ناتوانرێت قەیرانی سووریا چارەسەر بکرێت.
جەختی کردەوە؛ هەڵوێستی ئەوان لەپێناو چارەسەری قەیرانەکە و دوورخستنەوەیەتی لە شەڕێکی گەورە، بەڵام لێدوانی ژمارەیێک بەرپرسی سووریا پێچەوانەی ئەوەیە و نایانەوێت قەیرانی چەند ساڵەی سووریا چارەسەر بکرێت.
مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند: کاتێک دامەزراوەکانی سووریا هەرەسیان هێنا، خەڵکی ناوچەکەی ئێمە دامەزراوەکانیان دروست کردوە، لەیەکەم رۆژەوە ئێمە بەرگریمان لە خاکی خۆمان کردووە و رێگەی سێیەممان هەڵبژاردوە، هیچ کات لەگەڵ حیزبی فەرمانڕەوای دیمەشق و لایەنە دەرەکییەکان نەبووین، پابەند بووین بە پرەنسیپە نەتەوەیەکییەکان و بەرگری کردن لە ناوچەکەی خۆمان.
فەرماندەی گشتی هەسەدە نەیشاردەوە کە بەردەوام کەناڵی گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق هەبووە ئەوەش لەپێناو چارەسەرکردنی دۆخی وڵات نەک قووڵ کردنەوەی قەیرانەکان، بەڵام هەندێک کەسی حکوومەتی سووریا ئامانجیان ئاڵۆزتر کردنی دۆخەکەیە و بەردەوام هەوڵی شێواندنی راستییەکان دەدەن.
وتیشی :"دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا جیاوازە لە ناوچەکانی درعا و حومس و سوێدا و غۆتە، ئەو ناوچانە بە پاڵپشتیی رووسیا کۆنتڕۆڵکراونەتەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق و تورکیا دەپارێزین و رووبەڕووی داگیرکاریی سنوورەکان بووینەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment