بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لە پێویستیی پارێزگاری کردن لە ئارامیی وڵات و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان بۆ جێبەجێ کردنی یاسا و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و گرنگی راوەدونانی پاشماوەی تیرۆریستان کە مەرامیانە ئاسایش و سەقامگیری چەند ناوچەیێک بشێوێنن، هەروەها پێویستی دابین کردنی پشتیوانی تەواو لە هێزە ئەمنییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە بۆ ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ھەردوو سەرۆک گفتوگۆیان کردووە دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەخەتی ئەنجومەنی نوێنەران و جەخت کراوەتەوە لە پێویستی رەخساندنی کەشێکی لەبار و گونجاو و پشتیوانی و دابین کردنی تەواوی پێداویستییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و گرتنەبەری باشترین رێوشوێنەکان بۆ رێگری کردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و هەموو ئەو هۆکارانەی دەبنە ھۆی ئەوەی کاریگەری لەسەر خواستی دەنگدەران دروست بکات لە هەڵبژاردنی نوێنەرەی راستەقینەی خەڵک، ھەروەھا تاوەکوو دەرهاویشتەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن ببێتە مایەیی ھێنانەکایەوەی خواستی ئازادانەی خەڵک.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا پێشھاتەکانی دۆخی فەڵەستین و ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژییە نامرۆڤانەی کە گەلی فەڵەستین رووبەڕووی دەبێتەوە تاوتوێ کرا و جەخت کرایەوە لە هەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانی عێراق بۆ دۆزی فەڵەستین و ھێنانەدی داواکاری و مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین و راگرتنی دەستدرژییەکان لە قودس و کەرتی غەزە و تەواوی ناوچەکانی فەڵەستین و پێویستی ئەنجامدانی کاری جددی هاوبەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە پێناو راگرتنی دەستبەجێی ئەو پێشێلکارییانەی کە ھاووڵاتیانی سڤیل رووبەڕووی دەبێتەوە و راگرتنی دەستدرێژی و دوژمنکارییەکان و پاراستنی ھاوڵاتیان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment