وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکەی جۆبایدەن چۆن دەڕوانێتە دۆزی کوردی سووریا

بەشی جیهان- ئانتۆنی بلینکەن وتوویەتی پێویستە ئەمریکا وەک ڕابردوو لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بمێنێتەوە بەڵام ئەو وڵاتە پێویستە یارمەتیی زیاتری تورکیا بدات بۆ ئەوەی سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل لەناو بەرێت.

کوردپرێس:

ژمارەیێک لە میدیا ئەمریکییەکان وەک بلۆمبێرگ دەڵێن دەستنیشان کردنی ئانتۆنی بلینکەن بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لایەن جۆبایدەنەوە یەکلا کراوەتەوە.

یەک لەو بابەتانەی کە بەردەوام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرقاڵی بووە مەسەلەی کوردەکان و شێوەی مامەڵەکردنی ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا لە سەر مەسەلەی کورد بووە.

ئانتۆنی بلینکەن وەک وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا لە سێ ساڵی ڕابردوودا هەڵوێستی زۆری لەبارەی کوردەکان وبەتایبەت لەبارەی کوردەکانی سووریا و پەکەکەوە بووە.

بلینکەن ساڵی ڕابردوو لە دیمانەیێک لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکا گوتبووی کشانەوەی ئەمریکا و دەست بەردان لە کوردی سووریا بۆ هێرش کردنی تورکیا هەڵەیێکی مەترسیدار بوو. ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە دەست بەردان لە کوردی سووریا خەسارێکی قەرەبوونەکراو و قورسی لێکەوتەوە کە لە بیر ناکرێت چوونکە ژمارەیێکی زۆر هاووڵاتیی کورد ئاوارە بوون.

ناوبراو هەروەهاڵ لە وتارێکدا کە ساڵی 2017 و پێش ئوپەراسیۆنی هێزە کوردییەکانی سووریا لە ڕەقەی سەنتەری خەلافەتی داعش، لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاوی کردبووەوە داوای لە دەوڵەتی ترەمپ کردبوو هێزە کورڕدییەکانی سووریا بۆ هێرش کردن پڕچەک بکات. بەوەشەوە ناوبراو داوای لە ترەمپ کردبوو تەنها بۆ شەڕی داعش کوردەکان پڕچەک بکات و جەختیشی کردۆتەوە کە نابێت ئەو مەسەلەیە وا بکات کە پەکەکە دەستی بەو چەکانە بگات کە ئەمریکا بۆ شەڕی داعش بە کوردی سووریای دەدات.

ناوبراو پێشنیازی ئەوەشی کردبوو کە هاوکات لەگەڵ پشتگیری کردنی ئەمریکا لە کوردەکانی سووریا ئەو وڵاتە دووهێندە پشتگیریی تورکیاش بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و یارمەتیی ئەنقەرە بدات کە سەرکردەکانی پەکەکە لە چیای قەندیل لە ناو بەرێت.

ناوبراو لە دیمانەکەیدا جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە هێزە ئەمریکییەکان بەردەوام بن لە پشتگیری کردنی کوردی سووریا و لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان بمێننەوە بەڵام پێچەوانەی داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، هێزە ئەمریکییەکان نابێت کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتییەکانیان بەدەستەوە بێت بەڵکوو پێویستە لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکان جێگیر بکرێن و ئەو بیرە نەوتانە بکەنە کارتێک بۆ پێشخستنی مەبەست و بەرژەوەندیی خۆیان لە سووریا.

News Code 202

Your Comment

You are replying to: .
captcha