کوردپرێس: بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی شەممە بەرهەم ساڵح ، سەرۆک کۆماری عێراق، لە بەغدا پێشوازیی کرد لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق.
لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتیی پەرەپێدانی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دراوسێ بکات.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و گرنگیی کەم کردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و پابەندبوون بە دیالۆگ و بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی هەرێمایەتی.
هاوکات، جەخت کرایەوە لە پێویستی پاڵپشتی کردنی رێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراق بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا، ھاوکات ئاماژەش کرا بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق و تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ناوچەکە گرنگ و پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و هەنگاونان بەرەو رەخساندنی گەشەپێدان و هاریکاری هاوبەش.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی کردنی سەقامگیری عێراق و پتەو کردنی بەردەوامی پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ دووپات کردەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment