کوردپرێس:
رۆستەم باکۆیان، پەرلەمانتاری ئەرمینیا، کە کوردێکی ئێزدیی ئەرمینیایە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند، شەڕێكی سەخت لە ناگۆرنی قەرەباخ بەردەوامە، هێزی سەر بە ئازەربایجان دەستپێشخەریی ئەو شەڕە بوون و هێرشیان کردووەتە سەر سنووری ناگۆرنی قەرەباخ، "سێ رۆژە شەڕێکی گران و فراوان لەو ناوچەیە بەردەوامە".
بە گوتەی رۆستەم باکۆیان، ئازەربایجان بە تەنیا شەڕی ئەرمەنستان ناکات، بەڵکو "تورکیا هاوکاریی ئازەربایجان دەکات، بە ناردنی تیرۆریستانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و سەربازی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی ئازەربایجان، بەڵگەی ڤیدیۆیی و وێنەش لەسەر بەشداریکردنی ئەو هێزانە هەن و هەندێکیشیان کوژراون، لە بەرامبەر ناردنی ئەو هێزانەش هەر سەربازێک بڕی 1500 دۆلاریان پێدەدرێت، ئەو بەڵگانەش لەسەر مێزی نێودەوڵەتی دادەنرێت".
رۆستەم باکۆیان لەبارەی زیانەکانی شەڕ بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 90 سەربازی ئەرمینیا لەو شەڕەدا کوژراون، بەڵام وەکو ئەو دەڵێت، "زیانەکانی ئازەربایجان زۆر زیاترە و نزیکەی 560 چەکدار و سەربازی ئازەربایجان کوژراون".
ئەو پەرلەمانتارەی ئەرمینیا رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی دەستپێشخەری شەڕ بووبێت و دەڵێت، ئەرمەنستان ئاشتی دەخوازێت و زۆر جاریش هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەی لە ناگۆرنی قەرەباخ هەیە.
لە شەڕی سێ رۆژەی ئەرمینیا و ئازەربایجان، بە گوتەی رۆستەم باکۆیان، ژمارەیەک شەڕڤانی کوردی ئێزدی برینداربوون، "لە ئەرمەنستان ئێزدییەکان وەکو نەتەوە دەناسرێن، چەندین شەڕڤانی ئێزدی بریندارن و ئێستا رەوشی تەندروستیی بریندارەکان باشە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کوژراوێک لەنێو شەڕڤانانی ئێزدی نەبووە".
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی شەڕەکە کۆببێتەوە، دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش داوای بەلجیکا و دەستپێشخەریی ئەڵمانیا و فەرەنسا بووە. باکۆیان پێی وایە، دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش ئازەربایجان بە تاوانباری ئەو شەڕە بناسێنێت، "سوپای ئەو وڵاتە خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج و شارۆچکە و ناوچەکان بۆردوومان دەکات".
ڕۆژی سێشەممە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ کوژرانی 26 سەربازی دیکەی راگەیاند، 11 کەسی سڤیلیش گیانیان لەدەستداوە، نۆ لە ئازەربایجان و دوو کەس لە ئەرمینیا، بەوشێوەیە تاوەکو ئێستا شەڕەکە 95 کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: بە درێژایی شەوی رابردوو شەڕ لە ناگۆرنی قەرەباخ بەردەوام بووە، سەرکردەکانی جیهانیش داوا دەکەن شەڕەکە بووەستێنرێت کە دوای چوار ساڵ سەری هەڵدایەوە.
لە دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی ناگۆرنی قەرەباخ، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئەرمینیا و ئازەربایجان چەکی قورسیان لە سەنگەرەکانیان جێگیرکردن، ئەرمینیا هێرشی پێچەوانەی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە ئەنجامدا کە لە رۆژی یەکشەممەوە لەدەستی داون.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەرمینیا و ئەو هێزەی لە قەرەباخ جێگیرکراون، هەریەک لە فزوڵی، جبرایل، ئەگدەرە و تەرتەریان کردووەتە ئامانج. "بەیانیی ئەمڕۆ شەڕ لە دەوروبەری شاری فزوڵی چڕببووەوە، سوپای ئەرمینیا هەرێمی دەشکەسەنی لەسەر سنووری هەردوو وڵات بۆردوومانکردووە کە سەدان کیلۆمەتر لە ناگۆرنی قەرەباخە دوورە".
ئەرمینیا ئەوانە بە تۆمەت ناودەبات، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە بە درێژایی شەوی رابردوو پێکدادان لەنێوان هەردوولاوە هەبووە، دەشڵێت، ئەو هێزانەی ناگۆرنی قەرەباخ لە چەندین ئاراستەوە بەرپەرچی هێرشی دووژمنیان داوەتەوە.
Your Comment