بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باسنیووز بڵاوی کردەوە "لە پەیوەندییەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم گەیاند بۆ شەهیدبوونی ژمارەیێک پێشمەرگە لە هێرشی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی حکوومەتی بەلجیکای کرد لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەولێر.
هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکە کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوام بوونی پەیوەندی و هەماهەنگی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت داوای لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کرد کە لە ڕێگەی یەکێتیی ئەورووپاوە هاوکاری پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەتی کە تواناکانی هەرێم لەمبارەیەوە سنووردارن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment