کوردپرێس:
حیکمەت سەربڵند ئەمینداری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا (pîk) لە دیمانەیێک لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کرد و بە کوردپرێسی وت: سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و دیدارکردنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا سەردانێکی ئێجگار گرینگ بووە بەڵام تا ئەو کاتە تورکیا نەخرێتە ژێر گوشارەوە دەستی دۆستی بۆ کورد ڕاناکێشێت. چوونکە لەم قۆناغەدا کە سەرنجی شێوەی مامەڵەکردنی ئەردۆغان لەگەڵ پرسی کورد دەدەین دەبینین کە سیاسەتی نکۆڵی کردن لە کورد باوە.
ناوبراو گوتیشی: لە هەمان کاتدا کە ئەو دیدارە ئەنجام دەبێت سوپای تورکیا بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (P.K.K) هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و شەڕەکەی لەو ناوچەیە فراوانتر دەکات و فڕۆکە تورکییەکان ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
حیکمەت سەربڵند زیادیشی کرد: سەرباری ئەوەی کە تورکیا هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و بە بیانووی شەڕی پەکەکە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکاتە ئامانج لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش کۆ دەبێتەوە. دیارە تا قازانجی تورکیا تێدا نەبێت تورکەکان هەرگیز ڕوو ناکەنە کورد و خێرخوازی کورد نین.
ناوبراو دەشڵێت: ئەم بابەتە لە پێوەندیی دپڵۆماسییانەدا شتێکی ئاسایییە بەڵام دەبێت لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکەکە بێت بۆیە ئێمە هیوای ئەوە دەخوازین کە دیدارەکە ببێتە مایەی خێر و بە هیچ شێوەیێک زیانی بۆ کوردی دیکەی ناوچەکان نەبێت.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: تورکیا ئەمڕۆکە لە نێوخۆی ئەو وڵاتە و لە سووریا و لە عێراق شەڕی ناڕەوا دژی کورد دەکات. دەسەڵاتی ئەردۆغان چ لە ڕووی سیاسییەوە و چ لە ڕووی ئابوورییەوە لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا کەوتۆتە مەترسییەوە. هەر بۆیەش نیازیەتی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بەردەوام بێت لە جووڵەی ئابووری و بازرگانیی. ڕەقەمی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کورستان ڕەقەمێکی گەورەیە و تورکەکان سوودێکی ئێجگار زۆر لەم بازرگانییە دەبەن و ئەگەر بێتوو پێوەندییە ئابوورییەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپچڕێت ئابووریی تورکیا تووشی قەیران دەبێت.
ئەمینداری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا ئەوەشی بیر هێنایەوە کە هەرێمی کوردستان دەورێکی ئێجگار گەورە لە ناوچەکە و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت و لە سەر باڵانس و پێوەندییە هەرێمییەکان شوێندانەریی هەیە هەر بۆیەش تورکیا نیازیەتی لە سیاسەتی نوێی خۆیدا کوردەکان بنێت بە ڕووتەکی یەکدییەوە.
ناوبراو زیادیشی کرد: تورکیا بە بیانووی هەبوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان هەرێم و پەکەکەی ڕووبەڕووی یەکتر کردۆتەوە و نیازیەتی شەڕی ناوخۆ و برایەتی دابگرسێنێت و جارێکی دیکە کوردەکان دەست بدەنە براکوژی. بۆیە هیوادارم کورد تووشی ئەم هەڵەیە نەبێت.
ئەمینداری گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا ئاماژەی بە پەراوێزکەوتنی سیاسیی ئەردۆغان لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا کرد و گوتیشی: ئەردۆغان چ لە نێوخۆی تورکیا و چ لە دەرەوەی وڵاتیش تووشی قەیرانی سیاسی و ئابووری هاتووە و لەگەڵ حیزبە هاوکارەکەی (مەهەپە) نیازیانە بگەڕێنەوە سەردەمی سوڵتانیزم و عوسمانیگەری. لەم نێوانەدا فەڕەنسا دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغانە لە لیبیا و دەریای ناوەڕاست و سووریا و دەریای سپی.
حیکمەت سەربڵند زیادیشی کرد: پێش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، ناوبراو ڕۆژی پێشووتری لەگەڵ ئیمانوێل مەکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا دیداری کرد و هەر ئەم بابەتەش ترس و دڵەڕاوکێی خستە دڵی ئەردۆغانەوە. لە دیدارەکەی بارزانی و مەکرۆندا، سەرۆکی فەڕەنسا جارێکی دیکە پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. بە قەناعەتی من ئەردۆغان نیازیەتی بزانێت ناوەرۆکی دیدارەکەی بارزانی و مەکرۆن چی بووە. چوونکە نێچیرڤان بارزانی لە داهاتوویێکی نزیکدا سەردانی فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی دەکات.
ناوبراو لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە دەوڵەتی تورکیا متمانەی پێناکرێت و تا ئەو کاتەی ناچار نەبووبێت دەستی دۆستی بۆ کورد درێژ ناکاتەوە. بینیمان لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستاندا تورکیا بوو بە دوژمنی سەرسەختی کورد ئەوەش لە کاتێکدا پێش ڕیفراندۆم پێوەندیی لەگەڵ هەرێم باش بوو. بە قەناعەتی من تورکیا برا نیە و بڕواشم وایە ئامانجی تورکیا لە دۆستایەتی کردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆیەتی و باش ئاگادارە کە نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم کۆبانێ قورساییی تایبەتیان لە نزیک کردنەوەی کوردەکان لە یەکتر و یەکخستنی نێوماڵی کورد هەیە هەر بۆیەش هەوڵ دەدات دووبەرەکی و ڕاجیاوازی و ناکۆکی بخاتە نێوان لایەنە کوردییەکان.
Your Comment