کوردپرێس:
ئیمانوێل مەکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕۆژی چوارشەمە ڕابردوو بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و کەسایەتییە سیاسییە باڵاکان دیدار و گفتوگۆی کرد.
مەکرۆن لە دیدارەکانیدا کە چەند کاتژمێرێکی خایاند لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیدار و گفتوگۆی کرد.
نێچیرڤان بارزانی دوو ڕۆژ دوای دیدارەکە سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ بوویەوە.
ژمارەیێک لە چاودێرانی کاروباری عێراق دەڵێن سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا پێوەندیی بە دیدارەکەی ئەم دواییەی ناوبراو لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا هەیە و پەیوەستە بە تەنگەژەکانی ئەم دوایییەی نێوان عێراق و تورکیا و هەوڵی لایەنەکان بۆ سڕکردنی نفوزی لایەنی بەرانبەریان.
ڕەمزی ماردینی توێژەر لە ئەنستیتۆ پیرسۆنی زانگۆی شیکاگۆی ئەمریکا ڕەتی ناکاتەوە کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی پێوەندیی بە دیدارەکەی لەگەڵ مەکرۆن نەبێت.
ئەو چاودێرە بە گۆڤاری ئەلەکترۆنیی ئەلمۆنیتۆری وتووە فەڕەنسا پێوەندیی قووڵتری لەگەڵ عێراق هەیە و خاوەن پێگە و قورسایییێکی زیاترە لە دەورگێڕان بۆ نێوەندگیریی نێوان لایەنە عێراقییەکان و بەتایبەت نێوەندگیریی نێوان بەغدا و هەولێر. ئەوەش لە کاتێکدایە کە تورکیا ناتوانێت ئەو دەورە بگێڕێت.
گۆڤارەکە ئەوەشی بیر هێناوەتەوە کە لەم ماوەی ڕابردوودا دەوڵەتی عێراق بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە هێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیای هەڵوەشاندەوە.
ڕەمزی ماردینی ئەوەشی زیاد کرد کە ئەوە فەڕەنسا بوو کە پاش ڕیفراندۆمەکەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای ئاسایی کردەوە.
Your Comment