کوردپرێس:
ڕۆژی 4ی خەرمانانی 1399 بەرانبەر بە 25ی ئابی 2020 ئومێد قادری بەڕێوەبەری ئیدارەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی پارێزگای کرماشان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند شاری داڵەهۆی کرماشان وەک شاری نیشتمانیی ئامێری تەموورە تۆمار کراوە و ئەوەش دەستکەوتێکی نوێی فەرهەنگییە بۆ پارێزگاکە.
قادری گوتیشی پێشتریش شاری نۆدشە لەو پارێزگایە وەک شاری نیشتمانیی کڵاشی هەورامی تۆمار کرابوو.
بەڕێوەبەری ئیدارەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی کرماشان ئاماژەی بە دۆسیەکەی هەورامانیش کرد کە ساڵی پار لە نەتەوەیەکگرتووەکان تۆماری جیهانی کرا و ڕایگەیاند بڕیارە نوێنەری یۆنیسکۆ بۆ بەدواداچوون لەبارەی کەیسی هەورامانەوە لەم مانگەدا سەردانی پارێزگای کرماشان بکات.
شایانی باسە پارێزگای کرماشان فرەڕەنگیی شێوەزار و وردەکەلتووری کوردی لە خۆ دەگرێت و لە هەورامانەوە تا کەنگاوەر و سونقوڕ خاوەنی کولتووری و شوێنی گەشتیاری و مێژووی و فەرهەنگیی تایبەتە و لە کەرتی گەشتیاریدا دەتوانێت داهاتێکی گونجاو بۆ پارێزگاکە دابین بکات.
Your Comment