کوردپرێس:
نیل هاڤێرز چاودێرێکی کاروباری ئەمنییە کە لە وتارێکی خۆیدا لە گۆڤاری تایمز ئاماژەی بە ڕێککەوتنی نەوتیی ئەم دوایییەی نێوان ئیدارەی خۆسەری کوردی لە سووریا و کۆمپانیایێکی نەوتیی ئەمریکا کردووە.
ئەو چاودێرە ئەمنییە دەڵێت ئەگەری زۆرە کە ئەو ڕێککەوتنە نەوتییە پێکهاتە و ئارشتەی سەربازیی هێزە بیانییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بگۆڕێت.
ناوبراو دەشڵێت ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئیدعای ئەمریکا بۆ کشانەوەی لە خاکی سووریا ناگونجێت.
هاڤێرز لەو قەناعەتەدایە کە ڕێککەوتنە نەوتییەکەی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا تەنها لە بەر خاتری ڕێگری کردن لە نفووزی زیاتری ڕووسیا بووە.
ئەو چاودێرە ئەوەشی زیاد کردووە کە لە 2019وە کە ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی لە سووریا داوە، ڕووسیا دەستی کردووە بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە نزیک هێزە ئەمریکییەکان و هەروەهاش دەستی کردووە بە پێکهێنانی هێزی کوردی لە خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە.
ناوبراو لە کۆتاییدا هۆشداریی ئەوەشی داوە کە دوور نیە ڕووسیا بۆ ڕێگری کردن لە دەسەڵاتی زیاتری ئەمریکا لە ناوچە کوردییەکان دەست بە کارێک بکات هەر بۆیە بە قەناعەتی ئەو چاودێرە ئەمنییە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان ئەمریکا و کوردی سووریا کارێکی مەترسیدار بووە کە دوور نیە ببێتە هاندەری ڕووسیا بۆ دروست کردنی گرژی.
Your Comment