کوردپرێس:
فەرزاد مافی سەرپەرشتیاری لیژنەی نۆژەنکردنەوەی بینای مێژوییی "زیجی مەنیجە" لە شاری سەرپێڵزەهاو ڕایگەیاند کاری نۆژەنکردنەوەی بینا کۆنەکە دەستی پێکردووە و ڕێکخراوی گشتیی میراتی گەشتیاریی ئێران و هەروەها ئیدارەی میراتی کەلتووری و گەشیاریی کرماشان بودجەی کارەکەیان تەرخان کردووە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە ئێستا کاری پاک کردنەوەی بیناکە و هەڵگرتنی خاک و خۆڵ و ڕوونکردنەوەی بینای شوێنەواری کۆنینەی زیجی مەنیجە دەستی پێکردووە و هاوکات کۆڵینەوەی زانستیی زیاتریشی لە سەر دەکرێت.
بینای زیجی مەنیجە بینایێکی کۆنە کە لە یەکەم ڕوانیندا لە کاروانسەرایێک دەچێت بەڵام تا ئەم کاتەش لەبارەی چیەتیی بیناکەوە بڕیاری کۆتایی نەدراوە و کۆڵینەوەکان بەردەوامن.
بە گوێرەی ڕواڵەتی بیناکە و ئەو کەرەستە و کەلوپەلە بیناسازییانەی لە بیناکەدا بەکار هێنراون مێژووی زیجی مەنیجە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و پێش ئیسلام.
شایانی باسە سەرپێڵزەهاو لە پارێزگای کرماشان 224 بینا و شوێنەواری مێژوویی لە خۆ دەگرێت کە تا ئەم کاتە 146 کەیس لەو شوێنەوارانە تۆماری نەتەوەیی کراون.
Your Comment