بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خەسرەو گۆران، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، "هێشتا یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو نەبووە و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. بۆیە یەکبازنەیی لە قازانجی کوردستانییانە و دەنەگەکانی کورد لە دەرەوەی کوردستان یان لە بەغدا و رومادی و شوێنەکانی دیکە کۆ دەبنەوە، ئەوەش وادەکات دەنگی کورد بەفیڕۆ نەچێت".
سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوە دا، بوونی یاسا بنەمای هەڵبژاردنەکانە. وەکوو کورد باشترە عێراق یەک بازنە بێت و "بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی 2005 تاوەکوو 2010دا کە عێراق یەک بازنە بوو، ئەو کاتە دۆخی کورد باشتربوو و 77 بۆ 80 کورسیی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام لەدوای 2010وە کە عێراق کرایە 18 بازنەی هەڵبژارد و هەر پارێزگایێک بووە بازنەیێک، کورسییەکانی کورد بۆ 58 بۆ 60 کورسی دابەزیون".
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا خاوەنی 25 کورسیی پەرلەمانی عێراقە و براوەی هەرێمی کوردستان و پێنجەمی سەر ئاستی عێراقە.
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکەی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی باسی لەوە کرد، "داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەکە هەڵدەسەنگێنین و دوایی وەکوو پارتی هەڵویستی خۆمان لەو بارەوە دیاری دەکەین. ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەر بڕیارێک لە حکوومەت و پەرلەمانەوە دەربچێت ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوەی چەندە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن. بۆ ئەمەشیان دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بۆچوونی لایەنەکان و کۆمیسیۆن چەندە ئامادەیی تێدایە".
خەسرەو گۆران دەڵێت، "یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو نەبووە و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. ئەو سیستەمی بازنەبوونەی هەر پارێزگایێک یان پارێزگاکان بۆ سەر چەند بازنەیێک دابەش دەبێت، ئەوانە یەکلایی نەبوونەتەوە. پارێزگا هەیە یەک ملیۆنە و پارێزگاش وەکوو بەغدا رەنگە شەش بۆ حەوت ملیۆن بێت، بۆیە ئەمانە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە. هەیە دەیەوێت عێراق فرەبازنە بێت، هەیە داوا دەکات قەزایێک بازنەیێک بێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment