بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر ئامی هولمز، شرۆڤەکاری زانستگای هاروارد لە وتارێکدا باس لە لێکەوتەکانی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات.
ناوبراو دەڵێت یەکێک لە هەڵمەتە سەرنجڕاکێشەکانی کوردانی سووریا ڕاکێشانی نەتەوەکانی دیکە بۆ ناو هێزی دەیان هەزار کەسیی سوپای سووریای دیموکرات بوو و هەروەها واز هێنان لە ناسیۆنالیزمی کوردی و جەخت کردن لەسەر لامەرکەزی لە سووریا و ژیانی هاوبەشی ئاشتی خوازانە لەنێوان ئتنیکە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا بوو.
شرۆڤەکاری ناوەندی ویلسۆن لە وتارەکەیدا کە لە گۆڤارێکی سەرەبە ڕێکخراوی مریپ-دا بڵاو بووەتەوە، سیاسەتی ڕاکێشانی نەتەوەکانی دیکە بۆ ناو هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە وەسف دەکات.
دکتۆر ئامی هولمز، دەڵێت لە لێکۆڵینەوەکانمدا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە ئەندامانی عەرەبی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرکردایەتیی کوردەکان؛ ڕوانگەی کوردەکانیان هەیە و کونترۆڵ کردنی بەشێک لە خاکی سووریا لەلایەن تورکیاوە بە داگیرکاری وەسف دەکەن و ئەمەش بیروڕای ژمارەیێک لە شرۆڤەکارانی ئەم بابەتە ڕەت دەکاتەوە.
ناوبراو بڕوای وایە هێشتا داهاتووی کوردی سووریا ڕوون نییە و زیاتر بەسراوە بە هەوڵی دیکەی ئەکتەرانی سووریا وەکوو حکوومەتی سووریا، تورکیا، ئەمریکا و ڕووسیا.
ئامی هولمز، بڕوای وایە تورکیا و داعش هێشتا هەڕەشەن بۆسەر کوردانی سووریا بەڵام خاڵی گرینگ لە هێرشی ساڵی 2019ی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا ئەمەیە کە تورکیا نەگەیشتە ئامانجەکەی کە لەناوبردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوو.
مامۆستای زانستگای ئەمریکی لە قاهیرە جەختی کردەوە کە داهاتووی کوردانی سووریا تا ڕادەیێکی زۆر بەسراوە بە مانەوەی ئەمریکا و ڕووسیا لە سووریا و درێژەی بەرنامە و ستراتێژییەکانی ئەم دوو زلهێزە جیهانییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment