کوردپرێس:
بهگوێرهی راگهیهندراوی نووسینگهی جێگری سهرۆك وهزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە دوو دیداری جیادا، ئەمڕۆ 28 تەمموزی 2020، پێشوازی كرد لە کونسوڵی نوێی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە كۆمەڵێك پرسی هاوبەشیان تاوتوێكرد، هەروەها بەتەلەفۆنیش لەگەڵ كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر گفتوگۆی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ ڕۆبرت والێر، كونسوڵی نوێی ئەمەریكا دوا پەرەسەندنی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و دوا پێشهاتی سیاسی عێراق، خرانە بەرباس، هەروەها هەردوولا لەسەر پەیوەندی درێژخایەنی هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڵوێستەیان كرد، جەختیشیان لە پێویستیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا باس لە گفتوگۆكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرا، قوباد تاڵەبانی، ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە، بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی عێراق، بۆ چارەسەری ریشەیی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان. كونسوڵی ئەمەریكاش لە هەرێم، گرنگیدانی وڵاتەی بەم دۆسیەیە روونكردەوە بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیری درێژخایەن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.
لە دیدارێكیتردا، هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ ناگایاما یۆشینكۆ، كونسوڵی نوێی یابان، باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێم وڵاتی یابان ـ یان كرد لە بوارەكانی ئابووری و تەكنەلۆژیا لەگەڵ چۆنییەتی برەودان بەپەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەردوولا.
لەلایەكیترەوە ئێوارەی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامدا لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەردوولا. لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەدا رەوشی هەنوكەیی كوردستان و عێراق و كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
Your Comment