بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆخی کوردەکانی سووریا پاش هێرشەکانی تورکیا لە ساڵی 2018 و 2019 کە چەند ناوچەی ستراتێژیی لەدەستی کوردەکان دەرهێنا بە تەواوی گۆڕدراو. کوردانی سووریا ئێستا کونترۆڵی سنوورەکانی سووریا و تورکیایان بەدەستەوە نەماوە کە پێش ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و ئەمەریکا کونترۆڵیان کردبوو. هەڕەشەکانی تورکیا ئێستاش بەردەوامن و مانەوەی ئەمەریکا لە سووریا و پشتگیری کردنیان لە کوردەکان هێشتا ناڕوونە و کوردەکانیش تا ئێستا نەیانتوانیوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا ڕێکبکەون.
حزبی کوردی پەیەدە باکووری سووریا بەڕێوەدەبات. لەلایێکی دیکەوە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا کە نزیکە لە ئۆپۆزیسیۆن و حکوومەتی تورکیا داوای بەشداری کردنی لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات. ئەم دوو ڕەوتە کوردییە ماوەی چەند مانگە بە نێوەندگیریی ئەمریکا دانوستانەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەست پێکردووە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بەمەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم پرسە گفتوگۆیێکی لەگەڵ دکتۆر مایکل کاراجیس، مامۆستای زانکۆی وێستێرن سیدنی-ی ئەمریکا ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:
کێشەکانی کوردی سووریا بۆ پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
دکتۆر کاراجیس ئاماژە بە کێشەی بەردەم کوردەکان بۆ پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات و دەڵێت: کوردی سووریا چەند دوژمنی ئاشکرای هەیە کە تورکیا یەک لەوانەیە.
ناوبراو لەبارەی پێوەندیی کوردەکان لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکا وتی: ڕووسیا و ئەمریکا مەیلی تەعامولیان لەگەڵ کوردی سووریا هەیە بەڵام ئەوان زیاتر نیگەرانی پاراساتی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن نەک ئەوەی کە بیانەوێت بەڵێنی خۆیان بۆ کوردەکان ببەنە سەر. ڕووسیاش پاڵپشتیکەری سەرەکی حکوومەتی سووریایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا چڕ دەکاتەوە. هەڤبەت ئەبێت ئەوش بڵێم کە بەڵێنەکانی ڕووسیا بە تورکیا و جێبەجێ کردنیان گرینگتر نییە لە بەڵێنەکانی ڕووسیا بۆ کوردەکانی سووریا. لەمبارەوە سەرەڕای خەیانەتی ترەمپ لە کوردانی سووریا، هێشتا ئەمەریکا سەرەکیترین پشتیوانی کوردی سووریایە.
مامۆستای زانستگای وێستێرنی ئەمەریکا لەبارەی چۆنیەتیی پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە کوردانی سووریا دەڵێت: ڕاستە کە هاوپەیمانیی کوردەکانی سووریا لەگەڵ ئەمریکا ژیرانەیە بەڵام ئەمریکا هیچ کات پشتگیریی خۆی لە دیاری کردنی چارەنووسی کوردانی سووریا ڕانەگەیاندووە. دەبێت کوردەکان چاو بکەنەوە، ئەمریکا ژمارەیێک بەرژەوەندیی لە سووریا هەیە کە بە دوای ئەوانەدایە؛ ئەگەر ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا بە هەندێک لە ئامانجەکانی خۆی بگات بۆ نموونە دۆزینەوەی جێگرەوەیێکی باش بۆ ئەسەد بۆ سەقامگیر کردنی سووریا، ئەو کاتە ڕەنگە ئەمریکا پشتگیریی کەمتر لە کوردەکان بکات. ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا ئەمریکا داوای مافی زیاتر بۆ کوردەکان بکات لەچاو ڕابردوودا بەڵام هیچ کات ئەوە بەدی نەکراوە کە ئەمریکا داوای خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانی کردبێت.
دکتۆر کاراجیس دەڵێت دۆخی کوردی سووریا دژوارە و زیادی دەکات: بە ئاوڕدانەوە لەوی کە ترەمپ مۆڵەتی داوە بە ئەردۆغان هێرش بکاتە سەر کوردەکات و حکوومەتەکەی بەشار ئەسەدیش پێشنیاری تەسلیم بوونی کوردەکانی بە تورکا داوە نابێت کوردەکان لۆمە بکرێن کە بۆچی دوودڵن لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیادا. کوردی سووریا ڕووبەڕووی مامەڵەیێکی دژوار کراونەتەوە.
ناوبراو لەبارەی تەعامولی بعڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکوومەتی سووریا پاش هێرشەکانی ئاکتەوبەری 2019ی تورکیا دەڵێت: ئەوەی کە کوردەکان مۆڵەتیان بە هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا دا بگەنە ناوچە کوردنشینەکان، چاوەڕوانکراو بوو. بەم حاڵەوە ئەم کارە کوردەکان هەمبەر حکوومەتی ناوەندی زۆر لاواز دەکات. بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە ژمارەیێک لە عەشیرەتە عەرەبەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی سووریا پێوەندیی باشیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا نییە مومکینە ئاژاوە و ناکۆکی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان دروست بکات و گرژی بکەوێتە نێوان ئەو هێزانە لەگەڵ هێزە کوردیەکان.
مامۆستاکەی زانستگای وێستێرن ئاماژەیش بە ناکۆکیی نێوان کوردانی دەسەڵاتدار لە سووریا ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دەکات و دەڵێت: لەلاێکەوە ناکۆکی لەنێوان پەیەدە و هێزەکانی دژ بە حکوومەتی سووریا هەیە و کوردەکان بە یارمەتی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا لە شاری تەل ڕەفعەت پاشەکشەیان بەو هێزانە کرد. بۆیەش هەرچەشنە ڕێککەوتنی کوردەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا هاوپەیمانی ئەوان ئەوان لەگەڵ ئەوانی کورد نین تێکدەدات.
دکتۆر کاراجیس لەبارەی دووبەرەکیی نێوان کوردەکانی سووریا و کێشەکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد زیادی کرد: لەمبارەوە دەبێت ئاماژ بە «کوردانی دیکە» لە سووریا بکەین کە هاوپەیمانی کوردانی دەسەڵاتدار لە سووریا دێنە ئەژمار بەڵام ئەمەش ڕوونە کە کوردەکان چەندین حزبی سیاسی جیاوازیان هەیە و ئەمەش سروشتییە و تەنها لەبارەی کوردەوە نییە. بەڵام بوونی پەرتەوازەیی لەنێوان کوردەکان، مۆڵەت زلهێزەکان و بەرژەوندخوازان و ئەوانی تر دەدات کە کورد وەکوو ئامێرێک بەکار بێنن و دەسەڵات بگرنە دەست. بۆیە دەبێت پێشوازی لەهەر چەشنە هەوڵێک بکرێت کە یەکڕیزیی نێوماڵی کوردی لێدەکەوێتەوە.
نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان ڕەوتە کوردییەکانی سووریا و ئامانجەکانی
دکتۆر کاراجیس لەبارەی نیەتی ئەمریکا لەنێوەندگیری کردنی لەنێوان کوردانی سووریا دەڵێت: دڵنیا نیم بەڵام وابەدی دەکرێت ئامانجی ئەمریکا لە پشتگیری کردن لە یەکڕیزیی کوردەکانی سووریا دروست کردنی هێزێکە بۆ زیاتر کردنی نفووز بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی باشتر لە سووریایە. ئەمریکا تەنها لەڕێگای کوردانی سووریاو حزبی کوردیی پەیەدە-وە دەتوانێت نفووزی لە سووریا ببێت.
دەبێت ئەمەش لەبەرچاو بگرین پێوەندیی ئەمریکا و حزبی دەسەڵاتداری کوردی لە سووریا سروشتی نییە چوونکە ئەمریکا پەکەکە-ی بە تیرۆریست ناساندووە. پێوەندییەکەی ئەمریکا لەگەڵ پەیەدە، پێوەندیی ئەم وڵاتەی لەگەڵ تورکیا کە ئەندامی ناتۆ دێتە ئەژمار تووشی تەنگەژە کردووە.
ناوبراو لەبارەی کاریگەریی دانوستانی کوردەکان لەگەڵ تورکیا زیادی کرد: بەم حاڵەشەوە تورکیا زۆر دژ بە ئەنەکەسە نییە هەرچەند کە ئەم ڕەوتە کوردیەش هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریای مەحکووم کرد. بەڵام لانیکەم ئەم حزبە وەکوو پەیەدە پێوەندیی لەگەڵ حزبە دەژبەرەکانی تورکیا نییە.
مامۆستای زانکۆی وێستێرن سیدنی لەبارەی کاریگەرییەکانی پێوەندی ئەنەکەسە لەگەڵ تورکیا و هەرێمی کوردستان؛ لەسەر دانوستانی ئەو حزبە لەگەڵ پەیەدە دەڵێت: ئەنەکەسە هەروەها پێوەندییێکی باشی لەگەڵ بەرپرسانی کوردستانی عێراق هەیە کە تورکیاش پێوەندیی لەگەڵیان باشە. بۆیە ئەمریکا بە یەکخستنی ئەم دوو ڕەوتەی کوردانی سووریا هەوڵ دەدات لایەنی هۆگری خۆی لە سووریا بەهێز بکات و هیوای بەوە بێت کە تورکیا نەرمی زیاتر لەمبارەوە بنوێنێت.
دکتۆر کاراجیس لەبارەی سوودەکانی پڕۆژەی یەکگرتنی کوردانی سووریا بە ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگەیاند: ڕاستە کە ئەمریکا ئامانجی لەو یەکگرتنە بەرژەوەندیی خۆیەتی بەڵام ئەم ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندیی کوردەکانیشدایە؛ چوونکە بەو جۆرەی کە ئاماژەم پێدا، ئێستاکە گەڕان بەدوای ڕێگاچارەیێک بۆ چوونە دەر لە قەیرانی سووریا لەسەرەوەی هەوڵەکاندایە ئەگەر کوردانی سووریا یەکگرتوو بن و دووبەرەکییان تێدا نەبێت لە هەوڵەکانیاندا بۆگەیشتن بە مافەکانیان لە سووریای نوێدا سەرکەوتووتر دەبن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment