کوردپرێس:
تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند، تورکیا گوندەکانی ئەڤلەهێ و پیربلا لە سنووری شارۆچکەی باتیفا تۆپباران دەکات و 50 گوللـە تۆپ بەر دەوروبەری گوندەکان کەوتوون.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تورکیا گوندی سیلای سەر بە شارۆچکەی باتیفایشی تۆپباران کردووە و 25 گوللـە تۆپ بەر دەوروبەری گوندەکە کەوتوون.
تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەناوی چڕنووکی هەڵۆ و ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیشی بەناوی چنگی پڵنگ دەستپێکردووە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، ئێستا سوپای تورکیا 15 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە 12 شوێنی ستراتیژی سنووری شارۆچکەی باتیفا جێگیربووە.
لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق جگە لە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و هەڕەشەی سکاڵاتۆمارکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێزەکانی پاسەوانی سنووری لەو سنوورە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئەو هێزانە نەبوونەتە رێگر لەبەردەم بۆردوومانەکان.
تورکیا بە پشتبەستن بە رێککەوتنێکی ئەمنی پێشوو لەگەڵ عێراق، دەتوانێت لە نێوان پێنج بۆ حەوت کیلۆمەتر بێتە نێو خاکی عێراق، بەڵام بە گوتەی محەممەد رەزا ئال حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، "تورکیا ئەو سنوورەشی بەزاندووە و نزیکەی 15 کیلۆمەتر خاکی عێراقی لەسەر سنوور داگیرکردووە".
Your Comment