گفتوگۆ لەگەڵ ENKS مەسەلەیێکی ستراتێژیکییە/ کوردی باش لە ڕوانگەی تورکیاوە ئەو کوردەیە کە لاواز بێت

بەشی سووریا- بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە ناوچەی فورات دەڵێت: ئایا شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزای درسیمی کە هێرشیان کرایە سەر ئەندامی پەکەکە بوون؟ نەخێر ئامانجی تورکیا لەناوبردنی کورد و لەناوبردنی ئەو ڕەوتەیە کە داوای مافی کورد دەکات.

کوردپرێس:

بەکر حاج عیسا بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە ناوچەی فورات دیمانەیێکی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (YNKS) وتوویەتی: دوژمنانی کورد نەک هەر سنووریان بۆ کورد دانا بەڵکوو لە بیرەوەی و مێشکی کورددا سنووریان کێشا بۆ ئەوەی ناکۆکی بخەنە نێوماڵی کورد. بەڕای من دابەش کردنی مێشک و زەین لە دابەشکردنی خاک و سنوورکێشان گەلێک مەترسیدارترە. لە پەنجاکانەوە تا ئەمڕۆ زۆر حیزب لە کوردستانی سووریا دامەزراوە بەڵام بەداخەوە دوژمن دزەی تێکردووە و ڕێگەی نەداوە کارتێکەریی ئەوتۆی لە سەر کوردستانی سووریا بێت و بە دزەکردنی بۆ نێو حیزبەکان بۆتە هۆی دابەش بوون و ئینشقاقی ئەو حیزبە کوردییانە.

ناوبراو زیادی کرد: لە سەرەتای قەیرانەکەی سووریاوە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک وەکوو مەکۆیێکی شۆڕشگێڕی کاری کردووە و هەڵسووڕاوە. کارنامە و پێشینەی ئەو هەڵسووڕانەش دەگەڕێتەوە بۆ جووڵانەوەکەی ساڵی 2004 لە قامیشلۆ. لە ڕووداوەکانی 2011شدا حیزبە سیاسییەکانی کورد توانییان بگەنە ڕێککەوتن و ژمارەیێک لە حیزبە کوردییەکان پێوەندییان بەو ڕەوتە ئوپوزسیۆنەوە کرد کە بە دەسەڵاتی ڕەوتی ئیخوان موسلمین دەگەڕێت.

بەکر حاج عیسا ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە کە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک بە ڕەنگ و عەقڵییەتی خۆی هاتۆتە مەیدان و ژمارەیێک لە حیزبەکانی دیکەش لەم ڕێبازەدا هاتوونەتە ڕیزی پەیەدەوە و ئەمڕۆکە ئیدارەی خۆسەریان دامەزراندووە کە بە بەشداریی 25 حیزب و لە ژێر ناوی حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کۆ بوونەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنێکی دیکەی کوردی لە سووریا گفتوگۆ بکەن. هێزەکانی پاراستنی گەل (YPG) و هێزەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) و سوپای سووریای دیموکرات (HSD) ئەمڕۆکە بوونەتە مایەی شانازیی ناوچەی فورات و دەستکەوتە سەربازییەکانیان وای کردووە حیزبەکانی دیکەش پێوەندی بەو یەکێتییەوە بکەن و ببن بە بەشێک لە ئیدارەی خۆسەر.

ناوبراو گوتیشی: ئێمە وەکوو پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە سەر داواکاریی فەرماندە مەزڵووم عەبدی وەڵامی ئیجابیمان دایەوە و بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی نێوماڵی کورد و دیالۆگی کوردی-کوردی ئامادەییمان نیشان دا. دەستکەوتە سەربازییەکان ڕاستییێکی ڕوونە و پێویستە پارێزگاریی لێبکرێت و ئەوەش پێویستی بە کاری سیاسی و یەکگرتنی کوردەکانە.

بەرپرسی پێوەندییەکانی پەیەدە لە ناوچەی فورات ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی کوردی سووریا خۆشحاڵن بە لێکگەیشتنی کوردەکان و دەستپێشخەرییەکەی ژەنراڵ مەزڵووم کۆبانێ و پشتگیریی ئەمریکا لە دانووستانی نێوان لایەنە کوردییەکان بۆتە هۆی خۆشحاڵیی کوردەکانی سووریا.

ناوبراو لەبارەی ئەوانەشەوە کە دژایەتیی کورد دەکەن بە کوردپرێسی وت: دژبەرانی کورد و دەوڵەتی ناوەند هیچ جیاوازییێکیان نیە و هەردوو وەک یەک دژایەتیی مافی کوردەکان دەکەن.

بەرپرسی پێوەندییەکانی پەیەدە لە ناوچەی فورات ئاماژەی بە گرینگیی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد کرد و گوتی: گفتوگۆ لەگەڵ ئەنەکەسە مەسەلەیێکی ستراتێژیکییە. یەکگرتنی ئێمە دەتوانێت ببێتە پێگەیێک بۆ هەموو ئەو ئەتنیکانەی لە باکووری سووریا دەژین و ئەوەش مژدەی سووریایێکی دیموکرات دەبەخشێت. ڕەگەزپەرست و شێڤۆنییەکان دژایەتیی ڕێککەوتنەکەی ئێمە دەکەن و یەکگرتنی کورد بە مەترسی دەزانن بۆ سەر خۆیان هەر بۆیەش یەکگرتنی کورد دەبێتە پردێک بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییی کوردستان.

بەکر حاج عیسا زیادیشی کرد: لەباری سیاسییەوە بۆ دانووستان لەگەڵ کۆمەڵگەی دەولی و هاوپەیمانێتی گەیشتووینەتە ڕێککەوتن بەڵام پێویستە لە کەرتی ئیداری و سەربازییشدا بگەینە ڕێککەوتن چوونکە زۆر هەڕەشە و مەترسی لە سەر کوردستانی سووریا ماوە.

بەرپرسی پێوەندییەکانی پەیەدە لە ناوچەی فورات ئاماژەی بە وتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیاش کرد کە لەبارەی دانووستانی نێوان ئەنەکەسە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا هەڕەشەی لە ئەنەکەسە کردبێت. ناوبراو لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: دوژمن، کوردی دابەش کردووە بە دوو بەشەوە: کوردی باش و کوردی خراپ. کوردی باش لە ڕوانگەی دوژمنەوە ئەو کوردەیە کە بێ هێز بێت و دەسەڵاتی نەبێت بەڵام کوردێک کە خاوەنی پڕۆژە و دەسەڵات و هێز بێت لای دوژمن، کوردی خراپە و هەموو کەسیش ئەمە دەزانێت.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: دۆستانی ئێمە لە ئەنجومەنی نیشتمانی لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی و دژبەران بوون و تورکیا شانازیی پێوە دەکردن بەڵام کاتێک کە لەگەڵ حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی دەستیان بە گفتوگۆ کرد هێرش کرایە سەریان. ئەو کاتەی ئەنجومەنی نیشتمانی دەسەڵاتی نەبێت تورکیا دۆستیانە و هەر کاتێک ئەنجومەنی نیشتمانی ببێتە خاوەن توانا و دەسەڵات و هێز ئەو کاتە تورکیا دوژمنیەتی.

بەکر حاج عیسا بیریشی هێنایەوە: پێشتر گوتبووم ئەگەر ئەنجومەنی نیشتمانی ببێتە سەرپەرشتیاری هێزەکانی پاراستنی گەل، تورکیا دیسان هێرشیان دەکاتەوە سەر. تورکیا تەنها هێرشەکانی بۆ سەر پەیەدە نیە بەڵکوو هەر کوردێک لە هەر جیگایێک خاوەنی دەسەڵات و هێز بێت هێرشی دەکاتە سەر. تورکیا دەڵێت هێرش دەکاتە سەر باکووری سووریا چوونکە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و پارتی کرێکارانی کوردستان یەک شتن بەڵام ئایا ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بەشێکە لە پەکەکە؟ ئەی بۆچی هێرش دەکاتە سەر ئەوانیش؟ ئایا شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزای دەرسیمی پەکەکە بوون کە هێرشیان کرایە سەر؟ نەخێر. مەسەلەکە باسی لەناوبردنی کورد و ڕەوتی مافخوازی و شۆڕشگێڕیی کموردە. لە ڕوانگەی تورکیاوە هەر کوردێک کە هەڵسووڕاوی سیاسی بوو و کاری بۆ مافی خۆی کرد ئەو کوردە پەکەکەیە.

بەرپرسی پێوەندییەکانی پەیەدە لە ناوچەی فورات لەبارەی پێوەندیی پەیەدە لەگەڵ پەکەکە بە کوردپرێسی وت: ئێمە هیچ پێوەندییێکی سیستەماتیکیمان لەگەڵ پەکەکە نیە و پێوەندیی ئێمە لەگەڵ پەکەکە وەکوو پێوەندیمان لەگەڵ دیکەی حیزبە کوردییەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان وایە. ئێمە حیزبێکی کوردیی سووریاین و چالاکیمان لە کوردستانی سووریایە و نە دوژمنی کەسین و نە هێرش دەکەینە سەر کەسێکیتر. تەنها بۆ دەستەبەرکردنی مافی خۆمان خەبات دەکەین.

ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: ئێمە لەگەڵ تورکیا دوژمنایەتیمان نەکردووە و هەوڵ بۆ ئارامی و ئاشتی دەدەین و داوای برایەتیی گەلان دەکەین و بە هەمان شێوە کە ئێستا لەگەڵ دیکەی ئەتنیکەکانی باکووری سووریا بە برایەتی و ئاشتییانە دەژین حەز بە برایەتیی دیکەی گەلانیش دەکەین. هیچ دیکتاتۆرێک تا ئەبەد نامێنێت. سەدام چوو بەڵام کوردەکان لە عێراق مانەوە. ئەمەش ئەزموون و عیبرەتێکی مێژوویییە کە دیکتاتۆرییەت و ستەم تا ئەبەد بەردەوام نابێت. هەر بۆیەش ئێمە ئاواتی دۆستی و برایەتی و پێکەوەژیان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەخوازین.

بەرپرسی پێوەندییەکانی پەیەدە لە ناوچەی فورات لە کۆتاییدا گوتیشی: دەسەڵات و هێزی ئێمە لە یەکگرتنی ئێمەدایە و پێویستە کۆنگرەیێکی نەتەوەیی ببەستین و بەو شێویەیە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانمان بکەین.

News Code 189092

Your Comment

You are replying to: .
captcha