کوردپرێس:
جەمیل بایک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی PKK لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پارتی کوردیی دیموکراتیکی گەلان (HDP) ڕایگەیاند: هەدەپە حیزبێکی تورکییە. حیزبێکی کوردی نییە. خەڵکانێک هەن کە هەوڵ دەدەن بە شێوەیێک لە شێوەکان وای بنوێنن کە هەدەپە حیزبێکی کوردییە بەڵام ئەوە ڕاست نیە. HDP حیزبێکی تورکییە.
ئاژانسی هەواڵی PeyamaKurd نووسیویەتی: جەمیل بایک ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەدەپە لە تورکیا ئەو سیستەمەی پەک خست کە حیزبی باڵادەست واتا ئاکپارتی (AKP) و بزاڤی نەتەوەپەرەست (MHP) کاریان بۆ دەکرد. ئێستا هەدەپە بۆتە پارتێکی بەهێز لە تورکیا و ئوپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە تورکیا ئێستا هەدەپەیە. ئەمە قسەی ئێمە نیە. سیاسەتوانە سۆسیالیستەکان و دیموکراتییەکان و نووسەران و هەموو ئەو لایەنانەی دژی فاشیزمی AKP – MHP وەستاون دان بەو مەسەلەیەدا دەنێن.
بە وتەی جەمیل بایک پارتی کۆماریخوازی گەل (CHP) لایەنی موعارەزەی ڕاستەقینە نیە. بەڵکوو جەهەپە پشتگیریی ئاکەپە و ئەردۆغان دەکات. هەر کاتێک AKP و MHP لە تورکیا تووشی کێشەیێک دێن، CHP یارمەتییان دەدات و لە قەیران دەربازیان دەکات. بەڵام لایەنگرانی حیزبەکە ئەو ڕەفتارەیان نیە. لایەنگرانی جەهەپە خەڵکێکی بەشەرەف و نیشتمانپەروەر و دیموکراتن. بە عەکسەوە سەرکردەکانی CHP وا نین.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کردووە کە ئەگەر بێتوو هەدەپە مل بە سیاسەتەکانی حکومڕانیی تورکیا بدات ئەوا دەمرێت و نەک هەر دەبێتە سەبەبی مەرگی خۆی بەڵکوو هەموو خەڵکی تورکیا دەمرن. هەر بۆیەش هەدەپە بە مەترسییە گەورەکە دەزانن و هەڵدەکوتنە سەر ئەو حیزبە.
Your Comment