بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا وەفا، هاوسەرۆكی لقی رووها-ی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا ئاشكرای كرد، هێزەكانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد لە ناوچەكانی سەرێ كانی و گرێسپی و چەند ناوچەیێكی دیكەی كوردستانی سووریا 103 شەڕڤان و خەڵكی ناوچەكەی بەتۆمەتی ئەندام بوون لە یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" دەستگیركردوون و رادەستی توركیای كردوون.
ناوبراو وتیشی دەستگیر کراوەکان لە توركیا بە ماددەی 302ی یاسای سزاكانی توركیا بەتۆمەتی "پیلانگێڕان و هەڕەشەكردن لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی وڵات" بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزادراون.
سەرجەم بەندکراوەکانی لە هەردوو گرتووخانەی سزا قورسەكانی رووها بەندكراون.
مستەفا وەفا، ئاماژە بەدۆخی ئەو 103 زیندانیكراوە دەكات و دەڵێت: لە كاتی رادەست كردنیان بە دەسەڵاتدارانی توركیا، ئازار و ئەشكەنجەی زۆر درابوون و لە دۆخێكی تەندروستیی خراپدابوون. هەروەها بەشێكیان بەبێ ئەوەی پارێزەریان هەبێت، دادگایی كرابوون. تەنانەت كەسوكاری هەندێکیان لە ترسی هەڕەشەكانی هێزەكانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد، تاوەكوو ئێستا سەردانی بەندکراوەکانیان نەكردووە.
مستەفا وەفا ئاشکرای کرد سێ لە زیندانیكراوەكان سریانین و بە شەڕڤانی یەپەگە و چەكهەڵگرتن لەدژی دەوڵەتی توركیا بەهەمان تۆمەتەوە خراونەتە زیندانەوە. ئەمە لە كاتێكدا هەر سێكیان نە شەڕڤان بوونە و نە لە ناوچەی شەڕ دەستگیركراون. بەڵکوو لە كاتی هەڵمەتێكی پشكنیندا، لە گوندێكی سریانییەكان دەستگیركراون و بەبێ لێكۆڵینەوە رادەستی سوپای توركیا كراون.
هاوسەرۆكی لقی رووها-ی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا باسی لەوەش كرد، ژمارەیێكی دیكەی هاونیشتمانیان لە هەردوو ناوچەی سەرێ كانی و گرێسپی بەهەمان تۆمەت دەستگیركراون و تاوەكوو ئێستا رادەستی توركیا نەكراون. چەكدارانی سوپای سووریای ئازاد داوای سێ هەزار دۆلار لە كەسوكارەكانیان دەكەن لە بەرامبەر رادەستنەكردنیان بە توركیا.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment