کوردپرێس:
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی ئیدارەی خۆسەری کوردی و دەوڵەتی ناوەندی هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی زیاتر بەرهەمەکان لە جووتیارانی خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات بکڕن و بۆ خواردنی هاووڵاتییانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان پاشەکەوتی بکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، ئیدارەی خۆسەری کورد بۆ کڕینی بەرهەمی جووتیارەکان کێشەی داراییی هەیە بەڵام دەوڵەتی ناوەندیی سووریا هەوڵ دەدات زیاترین بەرهەمی جووتیاری لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان بکڕێت هەر بۆیەش نرخی زۆربەی بەرهەمەکان و بەتایبەت نرخی گەنمی بۆ دوو هێندە بەرز کردۆتەوە.
چەند سەرچاوەیێک لە حەسەکە بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا دەڵێن کڕینی بەرهەمی جووتیاران بە نرخی زیاتر لە لایەن دەوڵەتی ناوەندەوە هانی جووتیارانی داوە بەرهەمەکانیان ڕادەستی سەنتەرە حکوومییەکانی کڕینی گەنم بکەن.
هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە گەنم، زیاتر لە ناوچە باکوورییەکانی سووریا وەکوو دەیرەزوور و ڕەقە و حەسەکە بەرهەم دێت و ئەو ناوچانەش لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریایە.
لەبەر ڕۆشناییی ئەوەی زەوی و زاری ژمارەیێک لە هاووڵاتییان بە دەستی داعش سووتێنرابوو ئێستا پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنی بەروبوومەکان خێراتر کراوەتەوە.
هەر ئەو ڕاپۆرتە باسی ئەوەشی کردووە کە بەرهەمهێنانی گەنم لە سووریا دابەزینی بە خۆوە بینیوە. بەرهەمی گەنم لە سووریا ساڵی 2011 دەگەیشتە 4.1 ملوێن تەن بەڵام ساڵی 2019 ڕێژەکە بۆ 2.2 ملوێن تەن دابەزی.
Your Comment