کوردستانی سووریا ستراتێژیکترین ناوچەی کوردستانییە/ ژنەراڵ کۆبانێ ڕۆڵێکی کاریزماتیک دەگێڕێت

بەشی سووریا- سەرۆکی «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا دەڵێت: ڕۆژگارێک "مادلین ئالبرایت" وەزیری ئەو کاتەی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دەستی مام جەلال و مەسعوود بارزانی لەدەستی یەک خست، تا یەکبگرن؛ ئەمڕۆ ئێمە دووبارە لەو قۆناغەداین.

ڕزگار قاسم سەرۆکی «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە پرسی دانوستانی نێوان حزبە کوردییەکانی کوردستانی سووریا دا و وتی: بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەڕەنسا دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد دەستی پێکردووە و ئەم دوو وڵاتە جیددین لە هەوڵەکانیاندا. بەڵام ئەم بابەتە لە کوردستانی سووریا شتێکی نوێ نییە.

ناوبراو درێژەی دا لە قۆناخی یەکەمی گفتوگۆکاندا کە بە ئامادەبوونی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دەستی پێکرد ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر سووریا لامەرکەزی و فیدراڵی کرا. بڕیارە قۆناخی دووهەمی گفتوگۆکان دەست پێبکات بەڵام لەم قۆناخەدا تەنها ئەم دوولایەنە نین کە ئامادە دەبن بەڵکوو بیست و پێنج حزب لە چوارچێوەی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد-دا پێکهاتن کە زۆرینەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا ڕۆڵ دەگێڕن و کۆمیتەیێکی حەوت کەسییان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەنەکەسە پێکهێناوە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەم کۆمیتەیە بڕیار بوو حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانیدا دەست بە گفتوگۆ بکەن بەڵام شاندەکەی ئەنەکەسە بۆ هەولێر ڕۆیشتن و دانیشتنەکەیان دواخست. شاندەکەی ئەنەکەسە گەڕاونەتەوە بۆ سووریا بەڵام تائێستا نەهاتوونەتە پێشەوە. ئێمە چاوەڕوانی ئەوانین تا گفتوگۆکان دەست پێبکەینەوە.

سەرۆکی «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا ئاماژەی دا بە ئەو قۆناخە هەستیارەی ئێستا تیدان و وتی: سووریا لە قۆناخێکی هەستیاردایە و کوردستانی سووریاش لە پێگەیێکی زۆر گرینگدایە و هەروەها مەترسیی گەورەشی لە پێشدایە، هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ناوەندیش هیچ بڕوایێکی بە دانوستان لەگەڵ میللەتی کورد نییە و عەقڵیەتی ساڵانی پێش 2011 پەیڕەو دەکات. لە لایێکی دیکەشەوە هێشتا دۆخی سووریا ئاڵۆزە و ڕووسیا و ئێران ناکۆکن لەسەر ئەم وڵاتە و هەروەها مەترسی سووریا بۆسەر کوردستانی سووریا بەردەوامە.

ناوبراو ئاشکرای کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە ئێمە پێویستمان بە هاوهەڵویستی هەیە هەمبەر هەموو پرسەکان. ئێمە وەکوو «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا تەڤڵی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد بووینە و لە دەستپێکیشەوە بەشێک بووین لە ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر. بزووتنەوەکەی ئێمە بڕوای وایە کە دەبێت ستراتێژیێکی هاوبەشمان ببێت هەمبەر پرسەکانی کوردستانی سووریا و ئەگەر یەکگرتوو نەبین نەوچەکەمان مەترسیێکی گەورەی لەسەرە. بەڵام بەداخەوە تا ئەم کاتە ئەنەکەسە زۆر بە دژواری تەڤڵی دانوستانەکان دەبێت بەڵام لەگەڵ تورکیا کە وەکوو دوژمنی کوردە زۆر بە ئاسانی گفتوگۆ دەکات.

ڕزگار قاسم وەبیری هێنایەوە بڕیاری کۆتایی بە دەستی ئەنەکەسە نییە و دیار نییە پاش ڕۆیشتنیان بۆ هەولێر چی ڕوویدا و چییان پێ وترا. ئێمە بڕوامان وایە گفتوگۆکان لە خاکی کوردستانی سووریا و لە قامیشلۆ ئەنجام بدرێت و هەر لێرەدا بگەینە ڕێککەوتن. بەڵام ئەگەر بڕیارە سیاسییەکان لەدەرەوەی کوردستانی سووریا بدرێت کێشەکان سەرهەڵدەدەن.

سەرۆکی «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا دەڵێت: ئێمە وەکوو بزووتنەوەی نوێی کورد بڕوامان وایە لەم قۆناخەدا پێویستمان بە کەسایەتیێکی کاریزما هەیە کە خەڵکی کوردستانی سووریا بێت کە ئێستا جەنراڵ کۆبانی-یە کە لە دەموچاوێکی کاریزمادایە و داوای لە هەموو ڕەوتە کوردستانییەکان کردووە تەڤڵی گفتوگۆکان بن. ئەگەر لەم قۆناخەدا دەستکەوتێکمان نەبێت، بەرژەوەندیی کورد زەبرێکی گەورەی لێدەدرێت.

ڕزگار قاسم لەبارەی کاریگەریی دانوستانەکان لەسەر دۆخی کورد دەڵێت: چارەسەر کردنی پرسی کوردی سوریا کاریگەریی لەسەر کوردانی دیکەش هەیە چوونکە کوردستانی سووریا ستراتێژیکترین ناوچەی کوردەکانە و نزیک لە دەریای ڕەشە. ئێمە دەمانویست بگەینە دەریای ڕەش بەڵام تورکیا وەکوو دوژمنی میللەتی کورد عەفرینی داگیر کرد و ئەم ڕێگایەی داخست.

سەرۆکی «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا ئاماژەی دا بە ڕۆڵی ئەمریکا لە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و وتی: هەر هێزێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی هەوڵ ئەدات. ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەی خۆمان ڕەفتار دەکەین و بەو پێیەش پێوەندییەکانمان دەبەینە پێشەوە . ئێمە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانمان (سووریای لامەرکەزی و فیدراڵی) بەشداریمان لە دانوستانەکان کردووە. هیوادارین ئەم بابەتە ڕووبدات. هێز و دەسەڵاتەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕەفتار دەکەن هەروەها کە 90کاندا ئەمریکا کوردانی عێراقی لێکتر نزیک کردەوە و ئێستا بەنیازە کوردەکانی سووریا یەکبخات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178955

Your Comment

You are replying to: .
captcha