کوردپرێس:
هەرێمی کوردستان کەوتووەتە دۆخێکەوە کە رۆژانە دەیان تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا رادەگەیێنرێن و ژمارەی مردووانیش بە ڤایرۆسەکە لە هەڵکشاندایە. لە ماوەی 23 رۆژی رابردوودا 387 تووشبوو لە سلێمانی تۆمارکراون و 9یان گیانیان لەدەستداوە، واتە 4%ی تووشبووان.
هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تا دێت تووشبووەکانمان ژمارەیان زیاد دەکات و ئەگەر ئامارەکە بەو شێوەیە بەردوام بێت و هاونیشتمانییانیش لەم بێباکییە بەردەوام بن، تەواو رۆدەچینە ناو کارەساتەوە و وەکوو ئیتاڵیامان لێدێت، هەروەها ناتوانین لە نەخۆشخانەکاندا نەخۆش وەربگرین".
ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە نزیک دەبێتەوە لە ژمارەی قەرەوێڵەکان، بۆیە نەخۆشخانەیەکی دیکە و دوو گوندی گەشتیاریش کراونەتە نەخۆشخانەی ڤایرۆسی کۆرنا. ئێستا ئەو نەخۆشخانانە 450 قەرەوێڵەیان تێدایە و ژمارەی تووشبووانیش نزیکەی 400 کەسە.
د. داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید د. هێمن کە تایبەت کراوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاماژەی بەوە کرد، "نەخۆشخانەکەمان 200 قەرەوەێڵەیە و ئێستا 45 کەس لە نەخۆشخانەکەمانن و دۆخی بەشێکیان خراپە کە ژمارەیەکیان لە تووشبووەکانی شارۆچکەی پێنجوێنن و لێرە چارەسەر وەردەگرن. ئەو تووشبوانە وەردەگرین کە نیشانەکانیان سووک و مامناوەندن".
Your Comment