ڕووسیا هەوڵ دەدات کوردی سووریا لە ئەمریکا دوور بخاتەوە

بەشی جیهان- گۆڤاری سەربازیی سۆڤێربی ئەمریکا نووسیویەتی: ڕووسیا کار بەو ئاراستەیە دەکات کە پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا زیاتر بکات و ببێتە پاڵپشتی کوردی سووریا و جێگەی ئەمریکا بگرێتەوە.

سۆڤێرب گۆڤاری سەربازە کۆنەکانی ئەمریکایە کە لە ڕاپۆرتێکدا باسی ئەو هەوڵانە دەکات ڕووسیا داویەتی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەربازیی خۆی لەو ناوچە کوردنشینانە بەهێز بکات کە هێزە ئەمریکییەکانی لێیە.

ئەو گۆڤارە لە زاری سەرچاوە خۆجێیییەکانەوە نووسیویەتی: ڕووسیا نیازیەتی بنکە و بارەگای سەربازی لە ناوچە گرینگە کوردنشینەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا دابمەزرێنێت و لەم دوایییەشدا چەند ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ڕووسەکان و ئەمریکییەکان ڕووی داوە ئەوەش بە مەبەستی سنووردارکردنی جووڵەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە.

سۆڤێرب ئاماژەی بە دانوستانی نێوان ڕووسیا و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا کردووە بۆ دامەزراندنی بارەگا سەربازییەکانی ڕووسیا لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و بەتایبەتی لە ناوچەی سەر سنووری نزیک لە مەرزەکانی عێراق.

هەر بە گوێرەی نووسراوی گۆڤارەکە ڕووسیا لە ئەنجامدا نیازیەتی ئەمریکییەکان لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بکشێنەوە بۆ ئەوەی کوردەکان لە جیاتی ئەوەی پشت بە ئەمریکا ببەستن بێنە ژێر چەتری پشتیوانیی ڕووسیا و ڕووسیاش بۆ خۆی کوردەکان لە بەرانبەر تورکیا بپارێزێت.

News Code 178951

Your Comment

You are replying to: .
captcha